"نەورۆز پیرۆز دەکەین و هیچ قەدەغەیەکیش ناناسین"
11:03
زەینەب دورگوت/ژنها
جۆلەمێرگ- ژنانی شاری جۆلەمێرگ رایدەگەیەنن کە بڕیاری قەدەغەیەکی نەورۆز ناناسن و بە گیانی بەرخۆدانی ئارین میرکان ئەم نەورۆزە پیرۆز دەکەین.
دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک، پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆزی لە چەند شارێکی باکوری کوردستان تورکیا قەدەغە کرد، هاوڵاتیان لە زۆربەی شوێن ناڕەزاییان دەربڕی و ڕایادەگەیەنن کە ئەوان هیچ یاسایەکی لەو جۆرە ناناسن و قەدەغەش لە بەرچاو ناگرن. ژنانی شاری جۆلەمێرگیش رایدەگەیەنن کە بڕیاری قەدەغەیەکی نەورۆز ناناسن و بە گیانی بەرخۆدانی ئارین میرکان ئەم نەورۆزە پیرۆز دەکەین.
ڕوقیا تەمەل ژنێکی شاری جۆلەمێرگە، لەوبارەیەوە وتی: "لە هەرشوێنێک پیرۆزکردنی نەورۆز ڕاگەیاندراوە، ئایا بۆچی ئەوەندە لە نەورۆز دەترسن؟ نەورۆز مژەدی بەهار و جەژنی هەموو مرۆڤایەتیە، بۆیە هیچ قەدەغەیەک ناناسین و نەورۆز بە سەرهەڵدان و گیانی بەرخۆدانی پیرۆز دەکەین، چونکە ئەو ڕۆژە ڕۆژی گەلانی ژێردەست و چەوساوەیە، چەندە ئەوان توندی بکەن، ئێمەش ئەوەندە زیاتر پێداگری دەکەین لە سەر پیرۆزکردن و هەڵگیرساندنی ئاگری نەورۆز."
هەروەها مریەم ئۆزجان ئەندامی ڕێکخراوی دایکانی ئاشتیە وپەیامی خۆی بەو شێوەیە ڕاگەیاند: "سەرەتا نەورۆز لە هەموو گەلانی کوردستان پیرۆز دەکەم، بەرخۆدانی گەل سڵاو دەکەم، نەورۆز بۆ ئێمە جەژنی پێکەوە ژیان و ئاشتیە بۆیە دەوڵەتان و داگیرکەرانی کوردستان لێیدەترسن. لێرەوە بانگەوازی لە هەموو گەلی کورد دەکەم و دەڵێم هیچ لەو قەدەغانە ناناسم کە دەوڵەت و حکومەتی ئاکەپە بە مەبەستی بەردەوامی زوڵم وستەم بەسەر گەلی کورد دەیسەپێنن."
لەیلا ئوجاریش ژنێکیترە سەبارەت بەهەمان مژار وتی: "بە توندی ئیدانەی ئەو بڕیارە بێ بنەمایەیە دەوڵەتی تورک دەکەم و هیچ قەدەغەیەکیش ناناسم، بۆیە نەک تەنیا گەلی کورد لە باکور بەڵکو دەبێت لە هەرچوار پارچەی کوردستان بەیەک دەنگ و یەک هەڵوێست ئەم نەورۆزە پیرۆز بکەن و سنورەکان بسوتێنن، ئەم نەورۆزە بە گیانی بەرخۆدانی ئارین میرکان پیرۆز دەکەین."
لە کۆتایشدا دەریا تەمەل ژنێکیتری شاری جۆلەمێرگەو بیری خستەوە کە هەرچەند هەموو ساڵێک پیرۆزکردنی نەورۆزیش قەدەغەکرابێت، بەڵام نەرورۆز هەر پیرۆز کراوە، هەروەها وتی: "زۆر نیگەرانین بەو بڕیارەو لەکاتێکی وەهادا بڕیارێکی بەو جۆرە هەڵەیەکی زۆر گەورەیە چونکە ئێمە هەرساڵ نەورۆزمان پیرۆزکردوە."
(ش ب)