نامەیەکی ئەسرا مونگان لە زیندانەوە بۆ هاوکاران و خوێندکارەکانی
12:00
ژنها
ناوەندی هەواڵ- دکتۆرە ئەسرا مونگان لە نامەیەک کە ئارستەی هاوکاران و خوێندکارانی دەکات ڕایدەگەیەنێت ئێمە ئەو کەسانەین کە ئاشتیمان دەوێت.
دکتۆرە ئەسرا مونگان، توێژەر و ئاکادێمیسیەن و دەستپێشخەری کۆمەڵەی ئەکادێمیسیانان بۆ ئاشتی تورکیا، کە بەبیانوی هاوفیکری وپشتگیری کردنی پەکەکە لەگەڵ هەریەک لە موزەفەر کایا و کیڤانج ئەرسۆی بەرلە چەند ڕۆژێک دەستگیرکراو ڕەوانەی گروخانەی باکرکۆی شاری ئەستەنبۆل کرا، پەیامێک بۆ هاوکاران وخوێندکارانی دەنێرێت و جەخت لەسەر بەردەوام بوون لە خەباتی خۆی بۆ تورکیایەکی دیموکرات دەکاتەوە.
ئەمەش دەقی نامەکەیەتی: "زۆر خۆشەویستان، لە سەرەتاوە خوێندکارەکان، ئاکادێمیسیەنەکان، ستاف وکارمەندانی پەیمانی بۆغازئیچی!
سەڕەرای گشت تێڕۆر و گوشار ، ئێمە ئەوانەین کە ئاشتی مان دەوێ ، و بەردەوامین لە سەر ڕاوەستان لە سەر بەڵێنی خۆمان. ئێمە و گشت ئەوانەی بە دەوری ئاشتی دا یەکمان گرتووە، ئێمە هەموومان، لە سەر خەباتی خۆمان بەردەوام دەبین بۆ تورکیایەک کە تێیدا ڕێز لە مافی مڕۆڤ دەگیرێ، کە ئامادە یە قانوونە ناوخۆییەکان و قانوون و پرێنسیپە ناونەتەوەییەکان ڕەچاو کا و تورکیایەکی بە تەواوی دیموکراتیک، سەربەخۆ ، یەکسانخواز و لاگری ئازادی بێ، کە تێیدا کەس کەسی دی نەچەوسێنێتەوە و زوڵمی لێ نەکا، تورکییەیەک کە تێیدا بکرێ هاوژینی لە فرەچەشنی دا هەبێ.
هەمووتان لە ئامێز دەگرم ! "
ئەسرا مونگان
شایەنی باسە، ئاکادێمیسیەنان لە پێناو ئاشتی بۆ تورکیە لە ڕۆژی ٥-ی کانونی دووەمی ٢٠١٥ بانگەوازێکیان بە ناوی "ئێمە نابینە شەریکی ئەو تاوانکارییە" بڵاو کردەوە و تێیدا داوایان کرد، کە دەستبەجێ ئۆپراسۆنە نیزامییەکانی دەوڵەتی تورک لە باکوور ڕابگیرێ و دەست بە پرۆسەی دانوستان بکرێتەوە. ڕۆژی دوشەمە ١١ی کانونی دووەم ئەو دەستپێشخەرییە لە ئەنقەرە و ئەستەنبۆل کۆنفڕانسی چاپەمەنیان ساز کرد و تێیدا ژمارەی ئیمزاکان و هەروەها داواکاریکانیان ڕاگەیاند. دوکتور ئەسرا مونگان یەكێک لە ئاکادێمیستەکان لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا بەشداری کرد و هەڵوێستی خۆی و ئەکادیمیسیانەکانی ڕاگەیاندبوو.
(ش ب)