ساتە خۆشەکانی خوشک و برایەکی کەمئەندام لە چیای شەنگال

11:11

ژیندا ئاسمین-ژنها

شەنگال- خوشك و برایه‌ك كه‌له‌ زكماكییه‌وه‌ نه‌توانای بیستنیان هه‌یه‌ نه‌ قسه‌كردن، له‌به‌ر هێرشی چه‌ته‌کانی داعش بۆ پاراستنی گیانی خۆیان ڕوویان کردە چیای شه‌نگال.

لە بەرزاییەکانی چیای شەنگال سەرەڕای هەوای سارد، منداڵان یاری دەکەن و جارجار چاوشێلکانێ جارجاریش دەچەنە دونیای یاریەکیتر لەگەڵ بیرەوەریە تاڵ و کەسە ونبووکانیان. دوو منداڵم بەرچاو کەوت دەنگیان هەبوو بەڵام قسەیان بۆ نەدەکرا، سەرنجیان ڕاکێشام، کە نزیکیان بوومەوە یەک کوڕ و یەک کچ خوشک و برای یەکترن، لە زکماکیەوە نەدەتوانن قسە بکەن نە ببیسن واتا کەڕوڵاڵن، کچکە ناوی سوعادەت و تەمەنی هەشت ساڵانە، براکەشی ناوی سەعید و حەوت ساڵ تەمەنیەتی.

هەرچەند کاتێک تۆ دەیان بینیت دڵت تەنگ دەبێت و بۆیان نیگەران دەبیت، چونکە ناتوانن قسەبکەن، بەڵام کە سەیریان دەکەیت ئەوان زۆر لە ئێمە دڵخۆشترن و زۆر باشیش لە یەکتری تێدەگەن، هەرچەند بێدەنگن، بەڵام بێ ئەوەی ئازاری یەکتری بدەن تا ئێوارە یاری دەکەن. سوعادەت ویستی شتێکم بۆ بگێڕێتەوە، دەنگێک لە قوڵایی قڕگیانەوە هەیە، بەڵام ناتوانن زمان بەکاربێنن بۆیەش لێی تێنەگەتیشتم. زۆری هەوڵدا تێمبگەینێت بەڵام بێ سود بوو، ڕەنگە ئەو باسی یاری و ڕۆژە خۆشەکانی سەرەتای بەهارم بۆبکات یان ڕەنگە باسی کەسوکاریم بۆبکات کە لە شەوێکی تاریکدا لێی ون بوون، ئەوان زۆرباش لەیەکتری تێدەگەن و دڵیشان زۆر خۆشە.


جۆرێک یاری دەکەن کە کەس ناتوانێت بە قەدەر ئەوان گوزارشت لە جوانی و واتای ژیان بکات لەم هەلومەرجە سەختانەی تیای دەگوزرەێن. ئەوان خوشک و برا و هاوڕێی یەکتەرین، تا هەردوکیان ئامادە نەبێت یەکێک بەتەنها خواردن ناخوات و یاری ناکات. ئەوان خۆشەویستی دەبەخشن بە چیای شەنگال. کاتێک ئەو خوشک و برایەم بینی باوەڕم کرد کە ژیان بە هەموو جوانی و خۆشەویستی لە چیای شەنگال بەردەوام دەکات.

(ش ب)