گەڤەر؛ بە هۆی چەکی کیمیاویی بەدەیان کەس گیانیان لەدەستدا - بەپەلە
16:21
ژنها
جۆلەمێرگ- هێزەکانی دوڵەتی تورک چەکی کیمیاوی لە بەرامبەر هاوڵاتیانی شاری گەڤەر بەکارهێنا و بەگوێرەی زانیاریە سەرەتاییەکان ٤٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و تەرمەکانیان لە ماڵێکدا کۆکراونەتەوە.
هێزەکانی دەوڵەتی تورک ماوەی حەوت ڕۆژە شاری گەڤەری سەربە پارێزگای جۆلەمێرگی باکوری کوردستانیان گەمارۆ داوە، دوای ئەوەی ماوەی 7 ڕۆژ نەیانتوانی بەرخۆدانی گەل بشکێنن و بکەونە ناو گەڕەکەکانی گەڤەر، ئەمڕۆ چەکی کیمیاویان لەبەرامبەر هاوڵاتیان لە گەڕەکەکانی کشلە، ئۆرامان و جمهوریەت بەکار هێنا، بە گوێرەی زانیاریە سەرەتاییەکان زیاتر لە ٤٠ کەس گیانیان لەدەست داوە، هەروەها زانرا کە هێزەکانی دەوڵەتی تورک تەرمەکانی لەماڵێکدا کۆکردۆتەوە.
هاوڵاتیەک لە شارەکە بەپەیوەندی تەلەفۆنی رایگەیاند: "تیمەتایبەتەکان بە دەمامک و بتڵی ئۆکسجین کەوتونەتە ناو گەڕەکەکان و ئەو هاوڵاتیان کۆمەڵکوژ دەکەن، تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ تەرم لە ماڵێک کۆکراونەتەوە کە ژن و منداڵیشیان لەناودایە، هەروەها زۆربەی تەرمەکان سوتاون، هەندێک کەس لەناو ماڵەکانیاندا لەخەودا بە هۆی کیمیاویەکە بێ ئۆکسجین ماون و خنکاون." بەمشێوەیە پەیوەندی ئەو هاوڵاتیش پچرا.
(ش ب)