سنە؛ بە پێشەنگی ژنان نەورۆز پیرۆز کرا

08:57

ژنها

سنە- نەورۆزی ئەمساڵی شاری سنە بە بەشداری زیاتر لە دە هەزار کەس، بە ئاهەنگێکی قەشەنگ و بە دەستپێشخەری ژنان پیرۆزکرا.

دوێنێ شەمە ١٩-٣-٢٠١٦ بە دەست پێشخەری لاوان و دایکانی ئاشتی، لە گوندی قەسران-ی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بەشداری دەیان هەزارکەس و بە سازکردنی ئاهەنگێکی قەشەنگ جەژنی نەتەوەیی و جەژنی سەری ساڵی کوردی نەورۆز لە ژێر دروشمەکانی" بژی ڕێبەر ئاپۆ" و "شەهیدان نامرن" پیرۆزکرا.

ئاهەنگەکە سەرەتا بە پێشکەش کردنی گۆرانی سەر نەورۆز و خوێندنەوەی هۆنراوە لە لایەن بنەماڵەی شەهید ئارمان یوسفی (شوان سنە) دەستی پێکرد و دلێر یوسفی برای شەهید شوان هۆنراوەیەکی پێشکەشی شەهید شوان و هەموو گیان بەختکردوانی ڕیگای ئازادی کرد.

دواتر سوهەیلا محەمەدی هۆنراوەیەکی پێشکەش بە بەرخۆدانی گەلی کورد لە باکووری وڵات کرد و نەورۆزی وەکوو ژیانەوە بۆ کوردستان پێناسە کرد.

لە درێژەی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزدا، خەڵاتیک وەکوو یادگاری لەلایەن دایکانی ئاشتی پێشکەشی دایە نەسرین کراو بە وتنەوەی دروشمی شەهید نامرن، یادی گیان بەختکردووان بەرز ڕاگیرا.

بەشدار بووانی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ گوڕو تینیان بە ئاهەنگەکە بەخشی و بە خۆشی و کامەرانی کۆتایی پێ هات.

شایانی باسە لە کاتی گەڕانەوەی کوردان بۆ شوێنەکانی خۆیان هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕژێمی ئێران ئاستەنگیان بۆ خەڵک ساز کرد و چەند کەس و خانەوادەیان بۆ ماوەیەک لە سەر شەقام ڕاگرت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکردن.

هەر بە هۆی ترسی دەسەڵات دارانی ئێران لە شۆڕشی ئاپۆیستی چەند هاووڵاتیەک بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگ کران.

(ش ب)