کۆمەڵەی ژنانی ئێزیدی کوشتنی شیلان ئیدانە دەکات

09:20

فیدان ڕێزان/ژنها

عەفرین- ئەندامانی کۆمەڵەی ئێزدیەکان لە شاری عەفرین کوژرانی شیلان حەسەن بە توندی ئیدانە دەکەن و ڕایدەگەیەنن کە بە ڕێکخستبوونی ژنان دەتوانرێت رێگە لە بەردەم ئەم جۆرە تاوانانە بگیرێت.

شیلان حەسەن لە ١٣ی ئەم مانگە لە شاری هانۆڤەری وڵاتی ئەڵمانیا لە ئاهەنگێکدا کوژرا، ژنانی کۆمەڵەی ئێزیدیەکان لە شاری عەفرین-ی رۆژئاوای کوردستان، سەبارەت بە کوژرانی شیلان هاتنە دەنگ و کوشتنی شیلانیان وەک تاوانێکی نامرۆڤانە هەڵسەنگاند.

رەحیمە دادۆ، ئەندامی کۆمەڵەی ئێزیدیەکان لە کانتۆنی عەفرین وتی: "سەرەتا هەموو جۆرە کوشتن و توندوتیژیەکی بەرامبەر بە ژنان ئیدانە دەکەین، کوژرانی شیلان پاشکۆی ئەو ئەقڵیەتەیە کە ژنان بەدەستیەوە دەناڵێنن، ئایا مرۆڤایەتی لە کوێیە؟ کاتێک ژنێک بەم شێوەیە دەکوژرێت، بۆ ئەوەی کۆتایی بەم ئەقڵیەتە بێنین دەبێت نەک تەنها لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەڵکو تێکۆشانی خۆمان بگوازینەوە بۆ هەموو کۆمەڵگەکانیتر، چونکە دەبینین نەک تەنها لە شوێنێک یان وڵاتێک بەڵکو لە هەر گۆشەیەکی ئەم جیهانە ژنان دەبنە قوربانی ئەقڵیەتی پیاو سالاری."

مەدیا چاوش ئەندامێکی تری کۆمەڵەی ئێزیدیەکانە ڕایگەیاند: "بە توندی ئیدانەی کوژرانی شیلان دەکەین، لە کەسێتی شیلاندا هەموو ئەوە ژنانە بیردێنینەوە کە بوونەتە قوبانی سیستەمی دەسەڵاتدار و پیاوسالار، بەڵێن دەدەین کە بە بەهێزکردنی ئاستی تێکۆشانمان وەڵامیان بدەینەوە."

هەروەها نەسرین کلیە، کە ئەندامێکیتری کۆمەڵەی ئێزیدیەکانە لە کانتۆنی عەفرین رایگەیان کە پەروەردە کردنی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی تەندروستیانە بەربەستە لە بەردەم هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و تاوانە نامرۆڤانەییەکان، ناوبراو وتیشی: "بە هەر ناوێک و لە ژێر هەر بیانوێک بێت کوشتنی ژنان هیچ جیاوازیەکی نیە بۆ ئێمە، ئەمەش شتێکی قبوڵکراو نیە ژنانی ئێزیدی هێشتا لە ژێر کاریگەری فاشیزمی داعشدان، بۆیە بە توندی ئیدانەی کوشتنی شیلان و هەموو شیلانەکان دەکەین."

(ش ب)