چوار خوشک، چوار ژن، چوار بەرخۆدانی

11:40

ساریا گۆزئۆغلو/ژنها

ئامەد- سولتان، بەهیە و فاتمە، سێ خوشکی یەکترن، لە گرتوخانەدان و خوشکە بچوکەکەشیان لە پێکدادانێکدا لەگەڵ سوپای تورک گیانی لە دەستداوە.

دوای ئەوەی کە لە گرتوخانەی شاری ئامەد دا شەش گیراو ڕایانکرد، هەموو گیراوانی گرتوخانەکە دەگوازرێنەوە بۆ گرتوخانەکانی شارەکانی تورکیا. لە ناو ئەو گیراوانەدا سوڵتان و بەهیە هەن کە دوو خوشکی یەکتەرین و دوورخراونەتەوە بۆ گرتووخانەکانی شاری ئیزمیر و خوشکەکەیتریشان فاتمە لە گرتووخانە ماوەتەوە، هەروەها خوشکە بچوکەکەشیان مزگین لە ناو ڕیزی گەریلاکانی یەژا-ستار گیانی بەختکردووە.

محەمەد شەریف باوکی ئەو چوار کچە شۆڕشگێرە سەبارەت بە ژیان و دۆخی کچەکانی بۆ ژنها قسەی کرد و ڕایگەیاند کە کچێکی شەهید بووە و سێ کچی تریشی لە نا بەرخۆدانیدان و وتی: "سەرم بەرزە و شانازی بەتێکۆشانی کچکانم دەکەم، ئەوەی ئەوان کردیان لە پێناو نیشتیمان، پاراستنی شەرەف و کەرامەتی نەتەوەی کوردە، بۆیە پاشگەز نابینەوە لە ئامانجەکەنمان."

محەمەد شەریف وتیشی: "ژنانی ناو زیندان کێشەی تەندروستیان هەیە، زۆربەیان مانیان لە خواردن گرتووە، زۆربەیان دۆخی تەندروستیان باش نیە و ئێستاش دوور دەخرێنەوە کە کەس نازانێت ئاخۆ چیان بەسەردێت، ئێمەش ئەو دەرفەتەمان نیە کە هەر ڕۆژ بچین بۆ ئیزمیر و ئەستەنبۆل."

ناوبراو باسیشی لە هۆکاری گرتنی کچکەکانی کردو وتی: "فاتمەی کچم تەمەنی ٢٤ ساڵە و لە زانکۆی دیجلە مێژووی دەخوێند، بە هۆی ئەوەی بەشداری مەراسیمی ناشتنی هاوڕێکەی کردووە، دەسگیر کراو ١٥ ساڵ سزای بۆ بڕاوەتەوە. سوڵتانی کچم تەمەنی ٤٥ ساڵە و پێشتریش دوو ساڵ و سێ مانگ لە گرتووخانەدا گیرابوو. ئێستاش بە هۆی کەیسە کۆنەکەی دیسان دەستگیریان کردووە. هەروەها بەهیەی کچەکەیتریشم ڕەوانەی زیندانی ئالیگای شاری ئیزمیر کراوە، بەهیە نەخۆشە و سێ منداڵیشی هەیە، ئێستا من منداڵەکانی بەخێو دەکەم."

محەمەد شەریف باوکی ئەو چوار ژنە تێکۆشەرە لە کۆتاییدا وتی: "تێکۆشانی کچەکانم سارد ناکەمەوە چی لە دەستم بێت بۆیان دەکەم، سێ کچم لە زیندانە، کچە بچوکەکەشم مزگین(بەرچەم ئامەد) لە ساڵی ٢٠١٢دا شەهید بوو، من بۆ خۆشم دوو جار زیندانی کراوم، بەڵام با هەر کەس ئەوە باش بزانێت کە هەرگیز سەر لە بەرامبەر زوڵم نانەوێنم."

(ش ب)