یەکێتی ژنانی باشور سیستمی فیدراڵی رۆژئاوا - باکوری سوریا پیرۆز دەکات
17:57
ژنها
ناوەندی هەوال- ئەمڕۆ شاندێکی یەکێتی ژنانی باشوری کوردستان بەئامانجی پیرۆزبایی کردن لە دامەزراندنی سیستمی فیدراڵی دیموکراتیکی رۆژئاوا- باکوری سوریا، سەردانی نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستاریان کرد لە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ کاتژمێر 11:30ی سەرلەبەیانی لە سلێمانی شاندێکی یەکێتی ژنانی باشوری کوردستان کە پێکهاتبوون لە: کافیە سلێمان، سکرتێری یەکێتی ژنانی باشوری کوردستان و سەیوان رۆستەم، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی ژنان و لەیلا عەبدوڵا ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی ژنان و پەرێز عومەر، بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتی ژنان و دلارام عەبدولڕەحمان، بەمەبەستی پیرۆزبایی کردن لە فیدراڵی رۆژئاوای کوردستان سەردانی نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستاریان کرد لە هەرێمی کوردستان.
شاندەکە لەلایەن نەوژین یوسف نوێنەری کۆنگرەی ستار لە هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێ کرا.
سەیوان رۆستەم بەناوی یەکێتی ژنانی باشوری کوردستانەوە دوا و خۆشحاڵی خۆی دەربارەی راگەیاندنی سیستمی فیدراڵی لە رۆژئاواو دەربڕی و وتی:" راگەیاندنی فیدراڵی لە رۆژئاوا پیرۆز دەکەین و بۆ ئێمەی ژنان گرنگ و بایەخدارە کە یەکێک لە هاوسەرۆکانی ئەم سیستمە ژنە، ئەمەش بۆ ئێمە مانایەکی گەورە و واتاداری هەیە".
سەیوان رۆستەم بەوشێوەیە کۆتایی بە قسەکانی خۆی هێنا:" ئێمە وەک یەکێتی ژنان، لەپێناو پشتگیریی و پێشخستنی ئەم سیستمەی کە لە رۆژئاوای کوردستان راگەیەندراوە، هەر ئەرکێک بکەوێتە سەر شانی ئێمە جێبەجێی دەکەین، لەڕاستیدا لە رۆژئاوای کوردستان ژنان تێکۆشانێکی بێ وێنەیان نیشاندا کە ئەو رۆژەی لێ دروست بوو، ئەمڕۆ جارێکیتر ژنی کورد لە رۆژئاوا هەنگاوێکی تر سەردەکەوێت کە ئەمەش مایەی دڵخۆشی و سەربەرزییە بۆ هەموو ژنانی جیهان بەتایبەت بۆ ژنی کورد، ئێمەش هەڵێنانی ئەم هەنگاوە نوێیە پیرۆز دەکەین".
نەوژین یوسف نوێنەری کۆنگرەی ستار لە هەرێمی کوردستان دڵخۆشی خۆی بە سەردانی شاندی یەکێتی ژنان دەربڕی و وتی:" لەرۆژیکی وەهادا کۆبوونەوەی ئێمەی ژنان پێکەوە گرنگ و بەنرخە، لەبەرئەوەی چارەنوسی هەموو ژنێکی کورد لەهەر پارچەیەکی کوردستان پێکەوە گرێدراوە، ژنانی کورد ئەمڕۆ پێشەنگی خەبات و تێکۆشان دەکات، ئێمە بەو سەردانەی ئێوە دڵخۆش بووین، هیوادارین لە هەرێمی کوردستان وەکو ژن بتوانین هەنگاوی گەورە بهاوین."
(ش ب)