سەلما ئیرماک: پەیامی گەل لە نەورۆزدا، پەیامی بەرخۆدان بوو

10:07

زەینەب دورگوت/ژنها

جۆلەمێرگ- هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکرات، رایگەیاند کە هەر نەورۆزێک هەڵگری پەیامێکی نوێیە، نەورۆزی ئەمساڵیش گوزارشتی لەوە کرد کە لە بەرامبەر هەر جۆرە هێرش و فشارێک بەرخۆدانی سەردەکەوێت.

سەلما ئیرماک، هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکرات(کەجەدە) و پەرلەمانتاری 'هەدەپە'ی شاری جۆلەمێرگ، هەڵسەنگاندنی گرنگی سەبارەت بە پەیامی گەلی کورد لە نەورۆزی ئەمساڵ و ئەو دۆخە ئاڵۆزەی گەل لە باکوری کوردستان پیایدا تێپەڕ دەبێت کرد. ناوبراو ڕایگەیاند کە گەلی کورد لە شاری ئامەد جارێکیتر پەیامی بەرخۆدانی و سەرکەوتنی پیشانی هەموو جیهان بەتایبەتیش گەلانی تورکیادا.

سەلما ئیراماک وتی: "سەرەتا نەورۆزی هەموو گەلی کورد پیرۆز دەکەم، گەلەکەمان لە باکوری کوردستان لە بەرامبەر هەموو فشار هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە بەرخۆدانی و پێداگری نەورۆزی پیرۆزکرد، گەلەکەمان لە نەورۆزدا پەیامی کوشتن و کۆمەڵکوژی نەدا، بەڵکو پەیامی ئەوەی دا کە لەبەرامبەر هەموو هێرش و چەوساندنەوەیەک، بەرگری لە خۆمان دەکەین و کەس ناتوانێ ئیرادەمان بشکێنێت، هەرچەند هەوڵیاندا کە هاوڵاتیان بترسێنن و ڕێگری بکەن لەوەی نەورۆزی ئامەد پیرۆز بکرێت بەڵام وەک هەرجارێک نەورۆزی ئامەد وەک ناوی خۆی پیرۆز کرا."

هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکرات، ئاماژەشی بەوەکرد کە سیاسەتی دەوڵەت لە سور و جزیرە شکستی هێناوە و جەختیشی کردەوە: "سیاسەتی دەوڵەت لە سور جزیرە شکستی هێناوە و هەموو پلانەکانی پوچەڵ بوونەتەوە، بەکارهێنانی هێز لە بەرامبەر ئیرادەی ئازادی گەل هەرگیز سەرناکەوێت، ویستیان بە تانک و تۆپ و هێزی سەربازی کۆتایی بە بەرخۆدانی گەل بێنن، بەڵام ئەوە زۆر لە مێژە سەلمێنراوە کە هەرگیز داگیرکەران نەیانتوانیوە بە هێزی فشار وچەوساندنەوە و کۆمەڵکوژی کۆتایی بەگەلان بێنن."

سەلما ئیرماک سەرنجی راکێشا سەر پەیامەکەی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە و وتی: "پەیامی بەڕێز سەلاحەدین دەمیرتاش پەیامی هەموومانە،'ئەگەر ئەو سیاسەتە بێ ئاکارانە و بێ هۆشانەی بەسەر گەل سەپێندران هیچ ئەنجامیان نەگرت، کەواتە دەبێت هەنگاو بەرەو قۆناغێکی نوێ بنرێت'، هەرچەند پەیامی ئێمە بەو شێوەیەیە، بەڵام هەموو دەرگایەکی ئاشتی و دیموکراتیش بە ڕووماندا داخراوە، ئەگەر دەست بە پرۆسەیەکی نوێ نەکرێت ئەوا ئەو ئاگرەی بەدەستی خۆیان هەڵیان گیرساندوە، ڕۆژئاوای تورکیاش دەسوتێنێت، وەک دەبینین تورکیا بەرەو دۆخێکی زۆر ئاڵۆز هەنگاو دەنێت."

سەلما ئیرماک، هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکرات(کەجەدە) و پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری جۆلەمێرگ، لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە کە بۆ وەستاندنی شەڕو پێکدادانەکان هەموو هەوڵەکانیان دەخەنە گەڕ و بۆ ئەوەی پێکدادانەکانی شاری گەڤەریش بوەستێنن، هاوڵاتیانی شاری وان ڕوو لە گەڤەر دەکەن.

(ش ب)