سەڤیلە لەبەرامبەر هەلومەرجە سەختەکان تێکۆشانی بەبنەما گرت
09:27
پیرۆز زرگ/ژنها
دیلۆک- سەڤیلە ئاسلان ئەو ژنەیە کە ٣٥ ساڵە ڕووی لە کۆچبەری کردوە، بە زۆر بە شودراوە و ساڵانێکە رووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە.
کوردانی شارەکانی تورکیا لە دۆخێکی خراپی ئابوریدا دەگوزەرێنن، ئەو هەژاریەی باڵی بەسەر ژیانیان کێشاوە، کاریگەری کردۆتە سەر ژیانی خێزانەکانیش، خێزان هەڵواشانەوە، زیادبوونی توندوتیژی و چەندین دیاردەیتری ناو خێزان زیادیان کردووە.
یەکێک لەو ژنانەی کە بۆتە قوربانی کۆچبەری ونەهامەتیەکانی، سەڤلیلە ئاسڵان-ی ٥٢ ساڵانە، سەڤیلە ئاسلان ٣٥ ساڵ بەر لە ئێستا بەهۆی هەژاری نەبوونی بژێوی ژیانیان، لە شارۆچکەی پیرسوس-ی سەر بە شاری روحای باکوری کوردستان بەرەو شاری دیلۆک(عەنتاب) کۆچ دەکەن، سەڤیلە لەو شارەدا ڕووبەڕووی چەندین نەهامەتی دەبێتەوە، وەک؛ ژیانی شار ئەشکەنجە و توندوتیژی مێردەکەی و ...هتد.
سەڤیلە بەسەرهاتی ژیانی خۆی بەو شێوەیە بۆ ژنها گێڕایەوە: "دوای ئەوەی بە زۆر منیان بە شودا، تەنها ژورێکمان هەبوو پیاوەکە زۆر لە من گەورەتر بوو، هەر ڕۆژ توندوتیژی لەبەرامبەر بەکاردەهێنام، بژێوی ژیانمان زۆر خراب بوو، ڕۆژانە دەچووین بۆ کارو کاری فستەق شکاندنم دەکرد، بە شکاندی فستەق منداڵەکانم گەورە کرد و ڕۆژانە زیاتر لە ٢٥ کیلۆ فستەقم دەشکاند."
سەڤیلە پێیوایە کە تێکۆشان لە بەرامبەر هەموو زەحمەتیەکان مرۆڤ سەردەخات، بەڵام ئەوەی ئێستا خەفەتی پێوەدەخوات ژیانی کچەکانیەتی، چونکە دوو لە کچەکانی بە تەمەنێکی بچوک لەلایەن خزمەکانیەوە بەشودراون و ئەوانیش چارەنوسێکی وەک دایکیان هەیە و ڕۆژانە ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی دەبنەوە لەلایەن هاوسەرەکانیان. سەڤیلە دەڵێت؛ باوەڕم بە هێز و ئیرادەی ژنان هەیە بۆیە نابێت لە بەرامبەر زەحمەتیەکانی ژیان کۆڵ بدەین و واز لە تێکۆشان بهێنین، بە پێچەوانەوە هەر ژنێک دەتوانێت ژیانێک بئافرێنێت کە پیاوان نەتوانن بەسەریدا زاڵ بن."
(ش ب)