ژنان هەبوونی خۆیان لەسروشتدا دەبیننەوە
09:29
ژیندا ئازاد/ ژنها
تل تەمەر- بە هاتنی وەرزی بەهار، وەرزی گوڵوگوڵزار و روانەوە، جوتیارانی گوندنشین ڕوو لە زەوی و کێڵگەکانیان دەکەن، بەتایبەتیش ژنان کە خۆشەویستی و هەستێکی جیاوازیان لە بەرامبەر سروشت هەیە، بە دڵێکی خۆش چاوەڕوانی بەهارێکی نوێن و ڕوو لە زەویەکانیان دەکەن.
لە ڕۆژئاوای کوردستان هەر شت سەرلەنوێ دەئافرێنرێتەوە، لە شاری تل تەمەریش سەرەڕای نەبوونی پێداویستی تەواوی جوتیاری، ژنان دەستیان بە چاندنی بەرهەمەکانیان کردوە، یەکێک لەو دایکانەی ساڵانێکە لە ناو ئەم کارەدایە و ئاوێتەی سروشت بووە دایە مەهدیە یە، دایە مەهدیە کۆتی خاوەن ٩ منداڵ و تەمەنی ٥٠ ساڵە، هەرچەند تەمەنی زۆر دەست نادات بۆ کاری قورس، بەڵام وەک خۆی دەڵێت کاری جوتیاری گەنجم دەکاتەوە.
دایە مەهدیە وتی: "لە سەرەتای تەمەنی لاویمەوە ئەم کارە دەکەم، هەست دەکەم پارچەیەکم لەو سروشتە، هەردوکمان یەکتری بەخێو دەکەین، هەرچەند تەمەنێکی زۆرم کردوە، بەڵام ئەزمونی زۆرم هەیە لە کاری کشتوکاڵی، ئێستاش کێڵگەیەکی بچوکم چاندوە، حەز دەکەم بەردەوام لەناو کێڵگەکەم دابم، لەهەمانکاتدا منداڵەکانیشم بەخێو دەکەم."
مەهدیە کۆتی لە قسەکانیدا وتی: " نابێت هەرگیز ژنان لە کەلتور و خاکی خۆیان دووربکەوەنەوە، نابێت ژن بە هێزی خۆی باوەڕنەکات ژن دەتوانێت هەر کارێک بکات و بەئەنجامی بگەیەنێت."
(ش ب)