کۆڵۆمبیا؛ لە ئەنجامی شەڕدا ٤٥ هەزار منداڵ گیانیان لە دەستداوە
10:09
ژنها
ناوەندی هەواڵ- بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی UNICEF لە وڵاتی کۆڵۆمبیا زیاتر لە ٢٣٠ هەزار منداڵ لە ژێر مەترسی توندوتیژیدا دەژین و بە هۆی شەڕی بەردەوام لەو وڵاتەدا منداڵان ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە.
بەگوێرەی هەواڵی (news.trust.org) رێکخراوی مناڵپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان UNICEF راپۆرتێکی تایبەتی بە بارودۆخی منداڵانی وڵاتی کۆڵۆمبیا کە لەناو هەلومەرجی شەڕدا دەگوزەرێنن ئامادەکردوە. لە ڕاپۆرتەکەدا ڕایدەگەیەنێت کە لە وڵاتی کۆڵۆمبیا منداڵان لە ژێر هەلومەرجێکی سەختی شەڕدا دەژین، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە سەرەڕای دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان حکومەتی ئەو وڵاتە و سوپای چەکداری شۆرشگێرانی کۆڵۆمبیا کە لە ساڵی ٢٠١٢وە بەردەوامە، بەڵام هێشتاش کەشێکی ئاشتیانە بەدیناکرێت، بەتایبەت دەبێت لەو بارەیەوە خەباتێکی تایبەت بۆ منداڵانی وڵاتی کۆڵۆبیا بکرێت کە بوونەتە قوربانی شەڕ.
لە راپۆرتەکەدا راگەیاندراوە کە منداڵانی ئەو وڵاتە لە ژێر دەنگی چەک دەژین و چەک و تەقەمەنی پاکدەکەنەوە، هەروها ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە، لە هەمانکاتدا پێویستی و داواکاریەکانیان جێبەجێ ناکرێن، لەکاتێکدا منداڵان پێویستیان بە هاوکاری مادی و مەعنەوەی هەیە.
UNICEF لە درێژەی راپۆرتەکەیدا رادەگەیەنێت کە دوای ئاگربەستی ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن سوپای شۆڕشگێران، ڕێژەی ئەو منداڵانەی دەبنە قوربانی چەک و تەقەمەنی بە قەدەر ساڵانی پێشوتر کەمی کردوە، بەڵام هەر بەم هۆیەشەوە شەشە هەزار منداڵ ناچاری کۆچبەر بوونە.
هەروەها ئەوەش ئاشکرا دەکات کە لە ساڵی ١٩٨٥ تا ئێستا لە وڵاتی کۆڵۆمبیا ٤٥ هەزار منداڵ لە ئەنجامی شەڕدا کوژراون، ٨٠٠٠ هەشت هەزار منداڵیش بێ سەروشوێنن.
رێکخراوی مناڵپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایدا ئەوەش دەخاتە ڕوو کە لە ماوەی دوای دەستپێکردنی دانوستان و پرۆسەی ئاشتی لە وڵاتەکەدا زیاتر لە ١٨٠ منداڵ کە زۆربەیان منداڵی کچن، ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە.
(ش ب)