"داخستنی دەرگای سێمالکا دژی بەرژەوەندیەکانی گەلی کوردە"

10:32

ژیندا ئازاد/ژنها

تل تەمەر- ژنان لە شاری تل تەمەر بە توندی ئیدانەی داخستنی دەرگای سنوری سێمالکا دەکەن و ڕایدەگەیەنن کە ئەو سیاسەتەی پارتی دوژمنایەتی بەهاکانی گەلی کورد دەکات.

ژنان لە شاری تل تەمەر-ی سەر بە کانتۆنی جزیرەی ڕۆژئاوای کوردستان، سەبارەت بە داخستنی دەرگای سنوری سێمالکا لە ١٦-٣-٢٠١٦وە، لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئاژانسەکەمان دوان و رایانگەیاند کە داخستنی دەرگای سنوری سێمالکا دژی بەرژەوەندیە نەتەوەییەکانە و هەمیشە پارتی بۆ بەرژەوەندیە حزبیەکانی خۆی بەها نەتەوەییەکانی پێشێل کردوە.


"پێویستە هەرکەسێک بەرامبەر بەو ئەقڵیەتەی پارتی خاوەن هەڵوێست بێت"

لەو بارەیەوە فاتمە محەمەد سەرەتا سیاسەتی پارتی بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان ئیدانە کرد و وتی: "ئێمە وەک ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە توندی ئیدانەی سیاسەتی پارتی دەکەین بەرامبەر بە شۆڕش و دەسکەوتەکانی ڕۆژائاوای کوردستان، بەتایبەتیش داخستنی دەرگای سنوری سێمالکا لە ڕۆژی یەکەمی کۆبونەوە بۆ دامەزراندنی سیستەمی فیدرالی لە ڕۆژئاوا-باکوری سوریا."

ناوبراو جەختیشی کردەوە: "هەمیشە پارتی جۆرە سیاسەتێک پەیرەو دەکات کە خزمەت بە پرسی نەتەوەی نەکات، تەنانەت گەیشتۆتە ئاستی دوژمنایەتیش، داخستنی دەرگای سێمالکا پەیامێکە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە داوای یەکێتی نەتەوەی دەکەن، بۆیەش نابێ کەس لە بەرامبەر ئەم سیاسەت و هەڵوێستانەی پارتی بێدەنگ بێت."


"لەبەرامبەر سیاسەتی پارتی تێکۆشان دەکەین"

گولستان تاهیر، ژنێکیتری ئەو شارۆچکەیە ئەویش ئاماژەی بەوە کرد کە داخستنی دەرگای سنوری سێمالکا بڕیارێکی نابەجێیەو و وتی: "سیاسەتی پارتی بەرامبەر بە ڕۆژئاوای کوردستان خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی گەلی کورد ناکات، داخستنی دەرگای سێمالکا بە ڕووی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان کە بە قۆناغێکی مێژووی و سەختدا تێپەڕ دەبێت، ڕۆژانە گەنجان لە هەر شوێنێکی کوردستان و جیهان دێن لێرە لە سەر ئەم خاکە خوێنی خۆیان دەڕێژن، مایەی قبوڵکردن نیە."

گولستان تاهیر داوای لە گەلی کورد لە باشوری کوردستان کرد کە ناڕەزایی دەرببڕن بەرامبەر بە سیاسەتە چەوتەکانی پارتی لە بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان، ناوبراو وتیشی: "لەبەرامبەر ئەم جۆرە سیاسەتانە پەرە بە تێکۆشان و خەباتی بونیادنانی سیستەمنێکی دیموکراتی دەدەین، مۆڕاڵ و ورەی گەلانی ئازادیخواز بەم جۆرە سیاسەتانە هیچی لێکەم نابێتەوە."

(ش ب)