فیگەن یوکسەداغ: یاسای پارێزبەندی بەردەوامی سیاسەتی شەڕە

11:58

فیلیز زیرەک/ژنها

ئەدانا- هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) ڕایگەیاند کە ناردنی یاسای پارێزبەندی بۆ پەرلەمانی تورکیا، بەردەوامی کۆنسەپتی شەڕە لەبەرامبەر پارتەکەیان.

دوای هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی تورکیا لە ٧-٧-٢٠١٥ دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) دەستی کردوە بە سیاسەتی گرتن و چەواشەکردن، هەرەدوایش یاسای پارێزبەندی بۆ ٢٣ پەڕلەمانتار بردە پەرلەمانی ئەو وڵاتە کە لەناویاندا هاوسەرۆکانی پارتەکە(سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەداغ) هەن. بەگوێرەی ئەم یاسایە نابێت پشکنینی پەرلەمانتاران و جانتا و ئۆتۆمبێلەکان بکرێت، بەڵام دەوڵەتی تورکیا داوا دەکات ئەم یاسایە بۆ ٢٣ پەرلەمانتاری هەدەپە هەڵبوەشێنرێتەوە.

فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لەسەر ئەم مژارە بۆ ژنها دوا و ڕایگەیاند: "تا ئێستا هیچ سیاسەتێک بە قەدەر سیاسەتی هەدەپە، لەبەرامبەر دەسەڵاتدارانی تورکیا سەرکەوتوو نەبووە، ویستیان دەسەڵاتێکی تاکڕەوی و تاک پیاوانە بسەپێنن، لەبەرامبەر ئەمە سیاسەتی هەدەپە بەهێزتر بوو، توانی پلانەکانیان پوچەڵ بکاتەوە، بەڵام دوای سەرکەوتنی هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی حەوتی حوزەیران، بە کۆمەڵکوژی خوێناوی لە پیرسوس دەستیان بە پرۆسەی شەڕێکی سەرتاسەری کرد لە بەرامبەر گەلی کورد و هەدەپە، ئەم فەزلەکەیە(پارێزبەندی)ی ئێستاش کردویانە بە ڕۆژەڤ، بەردەوامی سیاسەتی شەڕخوازانەی دەوڵەتی تورکیایە."

هاوسەرۆکی هەدەپە، ئاماژەی بەوەشدا کە بیر لە ئایندەی تورکیا ناکەنەوە و جەختیشی کردەوە: "تورکیایان بەرەو ساڵانی نەوەدەکان گەڕاندۆتەوە، دەیانەوێت وەک ساڵانی نەوەدەکان، یاسای پارێزبەندی پەرلەمانتاران تاوتوێ بکەن و جێبەجێی بکەن، بەڵام ئەم جۆرە سیاسەتانە ناتوانن ڕۆژەڤمان پێ بگۆڕن، لەلایەک گەلەکەمان لە ناو بەرخۆدانی و پاراستنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریدایە، لەلایەکیترەوە لەمەیدانی هەشتی مارس و نەورۆز پەیامی بەرخۆدانی ڕادەگەیەنێت."

فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە کۆتایشدا وتی: "ئێمە لەگەڵ ئەوە داین ئەوە یاسایە هەر ٥٥٠ پەرلەمانتار بگرێتەوە، سەرەتا ژەنەڕال، مستەشارەکانی میت سەرۆک کۆمار، ئەو سەرکۆمارەی کە دەڵێت؛دەستوری بنەڕەتی ناناسم و لە جزیر و سور تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات، ئەوە شتێک نیە کە لەبیر بکرێت، زوو یان درەنگ دەبێت هەمووان دادگایی بکرێن."

(ش ب)