تەونەکەی دایە خانم ژنانی کۆکردۆتەوە
07:56
زاهیدە ئەحەمەد/ژنها
کۆبانێ- لەناو خانوە ڕووخاوەکانی کۆبانێ ژنان لە دەوری تەونی خانم کۆدەبنەوە، خانم دەڵێت کە ئەو هەم کارەکەی دەکات و هەم لە گەڵ ژنانیش گفتوگۆ دەکات.
لە کۆبانێ ژیان لە سەر دەستی ژنان نوژەن دەکرێتەوە، دایکە بەتەمەنەکانی ئەو شارە کە شێوەیان لە هی دایکە خوداوەندی(ئیلاهیە) دەچێت، بە یەکێک لە کۆنترین کەلتورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ڕستن و چنین(تەونی دەست) زۆربەی پێداویستیەکانی ژیانیان بەرهەم دێنن، بەنێک کە لە خوری دروست دەکرێت، یان ریسی رەنگاو رەنگ کۆدەکەنەوە، پاشان تەختی تەون دادەنێن و دەست دەکەن بە ریزکردنی تەونەکەیان.
ساڵانێكە دایكانی دەست رەنگین و كچانی شۆخ و شەنگی كورد، بە بەهرەیەكی زیرەكانە و دەستێكی جوان، كاری تەون كردن دەكەن، تەون كردن بریتییە لە دروست كردنی : مافوور و رایەخ و بەڕەو تێڕكە و توور و هەگبە و خورجەیان كە بە تەون دروست كرداون. چەندین جۆری جلوبەرگ بۆ ژنان و پیاوان دروست دەکەن، دایێ خانم تەمەنی ٧٠ ساڵە و ماوەی ٥٠ ساڵە ئەم کارەدەکات، نە تەمەن، نە کاول خانوە روخاوەکان و نە هیچ زەحمەتیەکی ئەو ژیانە ناتوانێت، سەرنجی ئەو لە سەر کارەکەی بڵاو بکات، کاتێک چەتەکانی داعش هێرشی کۆبانێیان کرد، دایە خانم ناچار بوو کۆچ بکات، بەڵام چۆن کۆبانێ ئازاد کرا دایە خانم گەڕایەوە سەر زێدی خۆی و دەستی بە تەون و تەشی کردەوە.
خانم قادر بەم شێوەیە باسی لە چۆنێتی کارکرنی خۆی کرد: "سەرەتا خوریەکەم دەڕێسم دواتر ڕەنگی دەکەم و دەی چنم، جۆرەها مافور،بەرماڵ، بەڕە، تێڕكە و توور دروست دروست دەکەم، هەموو پێویستیەکانی ماڵ بەدەستی خۆم دروست دەکەم، ئەمەی لە بەردەسم تەواو بکەم بە دیواری ژوورەکەم هەڵیدەواسم."
خانم سەرنجی دەڵێت کە ئەو بۆیە دێت لەناو ئەو کاول و وێرانانە، چونکە ئەو شوێنە بۆ ئەو پیرۆزن و بست بەبست خوێنی بۆ ڕژاوە، دایە خانم پێیوایە نابێت مرۆڤا رابردوو لە یاد بکات، بەتایبەتیش خاوەنداری لە کەلتور و کەلەپوری خۆی بکات.
(ش ب)