ئەسمەر کۆچ: مەزلومی کوڕم بۆ هەڵگرتنەوەی چەکی خوشکەکەی چووە کۆبانێ

09:52

زەینەب دورگوت/ژنها

جۆلەمێرگ- گولستانی کچی لە کۆمەڵکوژی گەلی تەیار بە چەکی کیمیاوی و مەزلومی کوڕیشی لە کۆبانێ گیانیان بەخت کرد، دایکی ئەو دوو شەهیدە دەڵێت؛ مەزلومی کوڕم بۆ هەڵگرتنەوەی چەکی زیلانی خوشکی و بۆ تۆڵە سەندنەوە ڕووی لە کۆبانێ کرد ئێستاش شانازی بە هەردووکیانەوە دەکەم.

گولستان کۆچ ڕۆڵەی چیا سەرکەشەکان لە دامێنی شاخەکانی زاگرۆس چاوی بە دونیا هەڵێنا، گولستان لە بەرزاییەکانەوە پێگەیشت، بۆیە هەمیشە لە تەمەنی خۆی زیاتر ئەرک و بەرپرسیارێتی هەڵگرتووە، گولستان لە زۆر دەزگای ڕێخستنی کاری کرد، بۆیە لە ساڵی ٢٠٠٦لە بەرامبەر زوڵم و ستەمی داگیرکەران ڕوو لە شاخەکانی کوردستان دەکات دەچێتە نێو ڕیزی گەریلاکانی پەکەکە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١١ لەگەڵ ٣٤ لە هەڤاڵانی لە گەلی تەیارێ لە چیای زاگرۆس، لە ئەنجامی بۆردومانی چەکی کیمیاوی لەلایەن هێزەکانی سوپای تورکیا، گیانی لە دەستدا.

دوای ئەوەی گولستان شەهید دەبێت، مەزلومی برای بۆ بەردەوامی کردنی ڕێبازی خوشکی ڕووی کردە سەر هەمان ڕێگەو چەکی خوشکەکەی لە شان کرد، مەزلوم ناوی خۆی گۆڕی بۆ دلگەش زیلان، ئەویش دوای تێکۆشانێکی کەم و پڕبایەخ لە بەرخۆدانی کۆبانێدا گیانی لە دەستدا، دایکی ئەو دوو تێکۆشەرە لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ ژنها باسی بەسەر هات و ژیانی ڕۆڵەکانی دەکات.

ئەسمەر کۆچ دایکی ئەو دوو تێکۆشەرە باس لە سەردەمی منداڵی ڕۆڵەکانی دەکات و دڵێت هێشتا ئەوان منداڵبوون هەڵوێستێکی نەتەوەییان هەبوو، دایە ئەسمەر وتی: "گولستان هەرگیز سەری لە بەرامبەر هیچ داب ونەریت و کۆنە ئەقڵیەتێک نەدەنەواند، ڕۆحێکی زیندوو و گەشی هەبوو، لە تەمەنێکی بچوکدا ڕێگەی ڕاستی دۆزیەوە، هەمیشە و قسە و هەڵسوکەوتی وەک شۆڕشگێڕێک وابوو، بەردەوام دەیوت؛ دەبێت شتێک بۆ گەلەکەم بکەم، بەر لەوەی بچێتە شاخ کارو خەباتێکی زۆری دەکرد، هێزەکانی دەوڵەت هێندە لێی دەترسان هەر ڕۆژ هەڵیان دەکوتایە سەر ماڵەکەمان، چونکە ئەو وەک شەرڤانێک خەباتی دەکرد."

دوای گولستان ئەمجارە دایکی جگەر سوتاو باسی کورە شەهیدەکەی کرد: "مەزلومی کوڕم بۆ ئەوەی چەکی خوشکەکەی و هاوڕێکانی هەڵگرێتەوە ڕووی کردە هەمان ڕێبازی خوشکەکەی، چونکە ئەو چەکی خوشکی خۆی وەک میراتێک بۆخۆی دەبینی کە بۆی ماوەتەوە و دەبێت خاوەنداری لێبکات، لە سایەی تێکۆشانی گولستان، مەزلوم-یش بەرەو حەقیقەت بەڕێکەوت پاش ئەوەی گولستان لە ساڵی ٢٠١١ لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەکی کیمیاویدا شەهید بوو، شۆڕشی ڕۆژئاواش دەستی پێکرد و بەرخۆدانی کۆبانێ لە جیهان دەنگی دایەوە، کوڕەکەشم بۆ ئەوەی لە بەرامبەر چەتە دڕندەکانی داعش تێبکۆشێت، ڕووی لە کۆبانێ کرد و لە ساڵی ٢٠١٤دا شەهید بوو. "

ئەسمەر کۆچ دایکی دوو شەهید لە کۆتایشدا وتی: "ڕۆڵەکانم جێی شانازی و سەر فرازین بۆ ئێمە، ئەوان ڕۆڵەی کوردستانن، تا بمێنم لە سەر ڕێبازی ئەوان بە هەست و خۆشەویستی بۆ ئەوان دەژیم."

(ش ب)