عەفرین؛ خانەی منداڵانی بێکەس پێویستی بە هاوکاریە
11:17
فیدان ڕێزان/ژنها
عەفرین- بەهۆی بەردەوامی شەڕ و پێدادانەکان لە سوریا ژمارەیەکی زۆر ژنان و منداڵان بوونەتە قوربانی، بەمەبەستی پاراستنی ئەو منداڵانەی ڕوویان کردۆتە کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا چەندین خانەی بەخێوکردن بۆ منداڵانی بێکەس کراونەتەوە.
لە ئەنجامی شەڕی بەردەوامی پێنج ساڵەی سوریا چەندین شار وێران بوون و بەهۆیەوە چەندین منداڵ بوونەتە قوربانی و ژمارەیەکی زۆریشیان لە خێزانەکان دابڕاون یان بێکەس ماونەتەوە، ژمارەیەکی زۆریشیان توشی کۆچبەری هاتوون، بۆ بەخێوکردن و پاراستنی گیانی ئەو منداڵانەی ڕویان لە کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کردوە، چەندین خانەی بە خێوکردنی منداڵان(یەتیمخانە) کراونەتەوە، یەکێک لەوانەش لە کانتۆنی عەفرینە، سەبارەت بە ئامانج و هۆکاری کردنەوەی ئەم خانەیە و چۆنێتی بارودۆخی منداڵان، نارشان خەلیل بەرپرسی کۆمەڵەی "نوپەل" بۆ هاوکاری منداڵان ڕایگەیاند کە ئامانج لە کردنەوەی ئەم داینگەیە، پارستنی ئەو منداڵانەیە کە بێ لانەن و بێ دایک و باوکن، ناوبراو داواشی لە هەموو ڕێکخراوەکان کرد کە هاوکاریان بکەن.
نورشان خەلیل ڕایگەیان کە زۆربەی منداڵانی ئەو خانەیە لە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەلەب و دەوروبەری عەفرین هاتوون، وتی: "منداڵی ساوا تا ١٥ ساڵ لە خانەکەمان(یەتیمخانە) هەن، منداڵانی بێکەس وەدەگرین و هەموو ئەو منداڵانەی ئێستا لامانن قوربانی شەڕن، لە هەموو ڕوێکە وە یارمەتیان دەدەین، دەرفەتی خوێندنمان بۆ ڕەخساندون، دوای تەمەنی ١٨ ساڵانیش هاوکاریان دەکەین بۆ ئەوەی کارێکی باشیان بۆ بدۆزینەوە و خۆیان بتوانن فێری دابین کردنی بژێوی ژیان ببن."
نورشان لە سەر چۆنێتی بەڕێوەبردن و ژمارەی منداڵان وتی: "پێی دەڵێین (ماڵی زارۆکان) دوو بەڕێوەبەری هەیە، سێ ژنیش منداڵەکان بەخێودەکەن و لەهەموو ڕوێکەوە هاوکاریان دەکەن، ئێستا ٥٠ منداڵی بێکەسمان هەیە، لەبەر ئەوەی شوێنێکی باشمان نیە، تەنها ١٥ منداڵ لەو شوێنە دەمێننەوە، ئەوانیترمان لای هەندێک خێزان داناوە، تا وەکو ماڵێکی گەورەیان بۆ پەیدا دەکەین، لەهەر ڕوێکەوە یارمەتیان دەدەین و ناوەکانمانیان لە خوێندنگەکان تۆمار کردووە، مامۆستای تایبەتیشیان بۆ دەگرین، هەروەها ناوی زۆربەشیانمان لە گروپەکانی کەلتور و هونەری عەفرین تۆمار کردووە تا هەندێک لە خەم و مەینەتیەکانیان کەم بکەینەوە."
نورشان لە کۆتایشدا جەختی کردەوە کە کێشەی هەرە سەرەکیان نەبوونی ماڵێکی گەورەیە، بۆیە داوای لە هەموو دەزگا و ڕێکخراوەکان کرد کە یارمەتیان بدەن، تابتوانن زیارتر خزمەت و هاوکاری منداڵانی بێکەس بکەن.
(ش ب)