لە کۆبانێ هەتا سور چیرۆکێکی بەرخۆدانی
12:47
ژنها
ناوەندی هەواڵ- دایکی "مزگین کۆچیگیت" کەلەڕۆژەکانی دەستپێکی بەرخۆدانی بێ وێنەی سور لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە شەهید کرا وتی: " کچەکەم کاتێ شەڕی بۆ گەلەکەی دەکرد، شەهید بوو، ئەوەش بۆ ئێمە شەرە فە".
مزگین کۆچیگیت ( ڕوکەن ئامەد) لەساڵی ١٩٩٢ لەگوندی شێرالی فارقین لەدایک بووە، مزگین کە لە تەمەنی ٢ ساڵیدا گوندەکەیان سوتێندرا، ڕووی تیرۆری دەوڵەتی تورکی بینی، دوای ئەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی لەناوەندی شاری ئامەد نیشتەجێ بوون، بنەماڵەی کۆچیگیت ماوەی ٢ ساڵ لە ئامەد مانەوە، بەڵام لەبەر گرفتی ئابوری و گوزەران ناچار بوون کۆچ بکەن بۆ ئیزمیر، لەگەڵ ئەوەی کە تەمەنی منداڵی و لاوی لە شارەکانی تورکیادا تێپەڕاند بەڵام هەمیشە بۆ خاک و تێکۆشینی ئازادی گەلەکەی دڵسۆز بوو، باوەڕ بوونی بە ئازادی وای لێ کرد ڕوو لە چیا بکات، ڕۆژئاوا، کۆبانێ و لەدواییشدا گەیاندیە شوێنی داستانی بەرخۆدانی مێژوویی "سور" .
مزگین کۆچیگیت، لەکاتی گەمارۆدانی سوردا، لە ڕۆژی ٢ ی کانوندا دەیوست لە ناوچەکە دەرکەوێ لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە شەهید کرا و شەهادەتی ئەو بەناوی گولەر ئەرۆغڵو ڕاگەیەندرا. تەرمی ناوبراو سەرەتا لە ئێلح بەخاک سپێردرا، دوایی کە بنەماڵەکەی ئەو وێنانەیان بینی کە لە چاپەمەنیەکاندا بڵاو کرانەوە سەردانی داواکاری گشتیان کردو ڕاستیەکە ئاشکرا بوو.
مزگین و گولەر دوو گیان، دوو هاوڕێ بوون... دوو ژنی گەنج بوون، کە چەندەی شەڕیان دەکرد ئەوەندەش جوان دەبوون، دوو شۆڕشگێڕ کە یەک گۆڕ بە نسیبی هیچیان نەبوو، ' مزگین لە ڕێگەی ڕاستی خۆی نەدەگەڕایەوە'
دایکە خاتون کۆچیگیت، باسی مزگینی کرد کە لە ٢ کانوندا لە مەیدانی شێخ سەعید شەهید کرابوو و وتی:" کچی من منداڵێکی زۆر جیاواز بوو، لەگەڵ ئەوەش کە لە شاردا گەورە بوو بوو بەڵام هیچ تایبەتمەندی شاری نەبوو، زۆر حەزی لە سروشت، ئاژەڵ و گوند بوو، هەمیشە لەگەڵ ئاژەڵدا هەڵسوکەوتی دەکرد، شوانی مەڕی دەکرد، لەم شوێنانەدا کەمتر کچان شوانێتی دەکەن، بەڵام ئەو گوێی نەدەدایەو مەڕەکانی دەلەوەڕاند. منداڵێکی کلاسیک نەبوو، هەوڵی دەدا هەموو شتێ فێر ببێت، زۆر ژیرو بوێر بوو، ئەو ئازایەتیەی هەندێ جار منی دەترساند، سەری بەرز بوو، ئەگەر هەموو دونیا لەبەرامبەری هەستایە ئەو لەڕێگای ڕاستی خۆی نەدەگەڕایەوە."
دایکی کۆچیگیت دەستنیشانی کرد، مزگین لە چیا هەتا کۆبانێ، لە کۆبانێ هەتا سور چیرۆکی ئازایەتی نوسیەوە و وتی:" کچەکەم کاتێ دەچووە خوێندنگە، لە شارەکاندا خەباتی دەکرد، ئێمە هیچ ئاگامان لەم کارەی ئەو نەبوو، کاتێ چووە پۆلی دووەمی ناوەندی، ئیدی بە ئاشکرا دەستی بە بەڕێوەبردنی کار کرد، تا پۆلی دووەمی ناوەندی لە ئیزمیر خوێندو دوایی هاتە لای خوشکەکەم لە ئامەد، دوای ئەوە ئێمەش هاتینەوە ئامەد، پاش سێ ساڵ تێکۆشینی لە شارەکاندا، ڕووی لە چیا کرد، دواتر زانیمان کە چووەتە ڕۆژئاوا و بەشداری لە بەرخۆدانی کۆبانیدا کردووە، لەو ماوەیەدا جارێک قاچی و جارێکیش پشتی بریندار بوو، دوای کۆبانێ، بۆ ئەوەی پشتگیری لە خۆبەڕێوەبەریەکان بکات هاتەوە بۆ سور."
"' ئەوەی کە بەناوی گولەر بەخاک سپێردرا، مزگین بوو"
کۆچیگیت لە درێژەی وتەکانیدا بیریخستەوە کە دوای پێنج ڕۆژ لە بینینی کچەکەی هەواڵی مەرگی بۆهاتوە و وەها بەردەوام بوو:'' دوای ئەوەی مزگین هاتە سور، چووم بیبینم، دوای ماوەیەکی دوورو درێژ چاوم بە کچەکەم کەوت، زۆر خۆشحاڵ بووم. ماوەیەک قسەمان کردو بەیەکەوە بووین ئیترگەڕامەوە بۆ ماڵەوە، دوای تێپەڕ بوونی پێنج ڕۆژ لە یەکتر بینینمان، سەرلەبەیانی بوو کوڕەکەم هات بۆلام. پرسی دایە ئەمڕۆ سەیری تەلەفزیۆنت کرد؟ وتم بەم هەموو کارەوە چۆن دەتوانم سەیری تەلەفزیۆن بکەم. ' کەمێک بێ دەنگ بوو'. بەڵام لە ڕوخساریدا دیار بوو دەیویست شتێ بڵێ. بەڵام نەیدەتوانی بیهێنێتە زمان. بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر هەڵسوکەوتی دەکرد، من تێنەگەیشتم چی بووە، لەدواییدا هاتە لام و وتی، ' دایە من وێنەیەکت پێشان دەدەم لە مزگین دەچێ'، وێنەکەی پێشان دام، من یەکسەر کچەکەی خۆم ناسیەوە، وتم ئەوە مزگینە، هاوژینەکەم و ماڵەوە هاتن، ئەوانیش ئاگاداری ئەو ڕووداوە بوون، من پێم وتن، ئەوە مزگینە، بەڵام ئەوان وتیان ئەو نیە، من پێداگریم کرد کە بەڵێ ئەوە مزگینە، دوایی هەردوو کچەکەم هاتن و وتیان دایە ئەوە مزگین نیە، لێدوانی فەرمی هاتووە دەڵێن گولەر ئەرۆغلوە.
"من باوەڕم نەکرد بەڵام هیچیشم لەدەست نەدەهات، دوای ئەوەی کچەکەی من شەهید کرا، لەلایەن بنەماڵەی گولەرەوە لە ئێلح بەخاک سپێردرا، دوو ڕۆژ تێپەڕی زانیاریمان بۆ هات کە ئەوە گولەر نیە، ئێمە هەستاین چووین بۆ ئێلح، لەوێ مەولود بۆ کچەکەم بەڕێوەدەبرا منیش بەشدار بووم، کە بەناوێکی ترەوە ئەو مەولەدە ئامادە کرابوو، دواتر قسەمان لەگەڵ بنەماڵەی گولەر کردو ڕەوشەکەمان تێ گەیاندن، بەڵام ئەوان وتیان ئەوە کچی ئێمەیە، ئێمە نامانەوێ گۆڕی کچەکەمان هەڵدەینەوە. ئێمە هەرچیمان کرد نەمانتوانی ئەو بنەماڵەیە قانع بکەین. لە کۆتاییدا بەبیرم هاتەوە کە لەسەر هەردوو شانی مزگین خاڵ هەیە، من بەدایکی گولەرم وت ئایا گولەر هیچ خاڵێکی پێوەیە؟ وتی 'نا'، منیش وتم لەسەر شانی کچی من خاڵ هەیە، کاتێ من ئەوەم وت دایکی گولەر وتی لەکاتی ناسینەوەی تەرمەکەدا منیش ئەو خاڵانەم بینیوە، دواتر لە ئەنجامی تێستی دی ئێن ئەی-دا دەرکەوت کە ئەوە ترمی گولەر نیەو مزگینە."
"من هەمیشە بە کچەکەم سەربەرزم"
دایکە کۆچیگیت، لە کۆتاییدا هێنایە زمان، کە تەرمی مزگین-یان لە ئێلح لە گۆڕ دەرهێناوەتەوەو لە فارقین بەخاکیان سپاردووە و وتی:" کاتێ کە تەرمەکەمان هێنایەوە هاوژینەکەم دەیویست لە حەوشەی ماڵەکەمان بەخاکی بسپێرین بۆ ئەوەی لە نزیکی خۆمان بێت، بەڵام من ئەوەم قبوڵ نەکرد، بۆ بیرهێنانەوەی کچەکەم و بۆ ئەوەی کە هەست بکەم لە نزیکیمانە، پێویست نیە لەلایەنی فیزیکیەوە نزیک بێت. لەکوێ دەبێت و هەرچۆنێک دەبێ با ببێ، هەمیشە لەبیری مندا دەژی. کچەکەم کاتێ بۆ گەلەکەی شەڕی کرد، شەهید کەوت، ئەوە بۆ ئێمە شەرەفە، من سەرم بە کچەکەم بەرزەو هەمیشە سەرم پێی بڵند دەبێ."
(ش ب)