شانازا ئیبراهیم ئەحمەد: بۆ ئەستێرە گەشاوەکەی ئاسمانی کوردستانە وێرانەکەم

08:02

ژنها

ناوەندی هەواڵ- ئەستێرە کشاوەکەی ئاسمانی کوردستانە وێرانەکەم.. لەو کاتەدا کە تۆ لە کۆڵانە خوێناوی و کاولکراوەکانی باکوورە بریندارەکەماندا ڕووبەڕوی شەڕی دەستەو یەخە ببویت.. هەندێک لە پیاوە پاڵەوانە بە ناوبانگەکانی باشوورەکەم ویستیان بگەن بە هاناتا، بەڵام داخەکەم فریا نەکەوتن چونکە ئەوانیش تووشی شەڕی دەستەویەخە هاتبوون هەندێکیان سەرقاڵی داستانی پارێزگاریکردن لە قاچی کورسییە شکاوەکە بوون و هەندێکیان مەفرەزەیان ناردبوو بۆ ڕێگریکردن لە دەستبەکار بوونی قایمقامێکی ژن و هەندێک مەوعیدیان هەبوو لەگەڵ میدیا بیانیەکانا بۆ ئەوەی کە ناوی خۆیان و حزبەکەیان و میللەتەکەیان لە جیهاندا بزڕێنن!!

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەرپرسی‌ رێكخستنەكانی‌ دەرەوەی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، لە وتارێکدا کە بۆ فەرماندەی یەپەسە-ژن نوسیویەتی:
"سڵاو کچە شەڕڤانە نازدار و نازەنینەکەم.. کاتێک کە وێنەکەتم بینی خۆم پێ نەگیرا و دەستم کرد بە گریان، نەک هەر گریانێکی ئاسایی بەڵکو گریانێکی لە ناخەوەی وەک منداڵێکی کە لە تاو ئازار و تا و بێدەسەڵاتی و بێ کەسیدا دەگریت.. بەخۆشمم دەوت (پێی ناوی بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین..) بەڵام نێرگسە چاو کاڵەکەم بە خوا ئەوە هەر قسەیکە کە دەیکەین..

کیژۆڵە شۆخە شڕناخییەکەم.. ناتوانم پێت بڵێم شێرە ژن چونکە لەسەر زەمینە ترسنۆکستانەکەی ئێمەدا هەندێک جار تەنانەت بە نووسینی دوو دێریش و بە وەڵام دانەوەی کەسێکیش بە ئێمەی ژنان دەوترێ "شێرە ژن" جا من بە چ ڕووێکەوە بە تۆش بڵێم شێرە ژن؟

ئەستێرە کشاوەکەی ئاسمانی کوردستانە وێرانەکەم.. لەو کاتەدا کە تۆ لە کۆڵانە خوێناوی و کاولکراوەکانی باکوورە بریندارەکەماندا ڕووبەڕوی شەڕی دەستەو یەخە ببویت.. هەندێک لە پیاوە پاڵەوانە بە ناوبانگەکانی باشوورەکەم ویستیان بگەن بە هاناتا، بەڵام داخەکەم فریا نەکەوتن چونکە ئەوانیش تووشی شەڕی دەستەویەخە هاتبوون هەندێکیان سەرقاڵی داستانی پارێزگاریکردن لە قاچی کورسییە شکاوەکە بوون و هەندێکیان مەفرەزەیان ناردبوو بۆ ڕێگریکردن لە دەستبەکار بوونی قایمقامێکی ژن و هەندێک مەوعیدیان هەبوو لەگەڵ میدیا بیانیەکانا بۆ ئەوەی کە ناوی خۆیان و حزبەکەیان و میللەتەکەیان لە جیهاندا بزڕێنن!! و هەندێکیان هێزیان ناردبوو بۆ پاراستنی بیرە نەوتەکانیان و هەندێکیش لە کاتێکدا کە فرمێسکی تیمساحیان بۆ نەداری خەڵکی دەرشت داهاتی ئەو ڕۆژەی نەوت و تانکەرە نەوت بە قاچاغ براوەکان و نەخۆشخانە و زانکۆ و عەلوە و گومرک و کۆمپانیاکانیانیان ئەژمارد و هەندێکیتریشیان ئیلتیزاماتی پێشوەختیان هەبوو و دەبوو وتار بۆ سمینار و فستیڤاڵ و دیدار و کەرنەڤاڵ و دیبەیت ئامادە بکەن.

گوڵالە سوورەی باخەکەم، لێمان ببورە.. لە سەرزەمینەکەی ئێمەدا هەموو شتێک پێچەوانە بووەتەوە.. ئێمە خەباتمان کرد بۆ ئەوەی کە لە دیکتاتۆرییەت ڕزگارمان بێت و ئەوەتا پەرلەمانەکەمان بە بڕیارێکی دیکتاتۆرییانە لە کار کرا و هەر هەمووشمان سەرمان دانەواندووە.. ویستمان ببینە خاوەن سەروماڵ و خاک و نیشتمانی خۆمان و ئێستا خاوەنی هیچ نین و تەنانەت وەزیرەکانیشمان وەک کوردانی باشوور دەڵێن بە نوکەی تەلەفۆنێک لەسەر کار لائەدرێن.. و دۆژمنانیشمان کراونەتە بەرپرسی بژێویمان.. نێرگسە نازدارەکەم.. ئێمە دەمان ویست سنوورە دەستکردەکان لابەرین کەچی دەیان سنوور و خەندەقیان لە نێو ماڵەکانماندا لێدا.. دەمانویست یەک دەست و یەک دەنگ و یەک ڕەنگ بین و ئەوەتا تەنانەت ڕەنگە سەوزە جوانەکەی خۆشمیان تێک دا و چەپکە گوڵەکەی مامەشیان هەڵوەراند. ئازیزەکەم وا دەنگە گەرمە بەهێزەکەی کوردستانە لە خاج دراوەکەشمیان بێ هێز کردووە و تازەش بەو پەڕی بێ شەڕمییەوە هەندێک دێن و کچە شەڕڤانە نازدار و نازەنینەکەم بە تیرۆریست لەقەڵەم ئەدەن .. نازدارەکەم، ئەترسم کە بەم قسانەم دڵگرانم کردبیت، بەڵام تۆ و هەر دوو چاوە جوانەکەت، تۆ و کەزییە کاڵە هۆنراوەکەت، تۆ و ئەو دڵە بە ناهەق لە لێدان وەستێنراوەکەت و تۆ و خوێنە سوورە ڕژاوەکەت دڵگران مەبە.. چونکە ئێمەی باشووری ئیمانمان بە وتەیەک هەیە کە دەڵێ.. تۆڵە بەسەبرە ئەما بەزەبرە......."

(ش ب)