ئەو کچەی بەلەمە نوقومبووەکەی گەیاندە کەنار دەریا، چووە ئۆڵۆمپیات

10:40

ژنها

ناوەندی هەواڵ- کچە پەنابەری سوری یوسەنا ماردینی ١٧ ساڵان، ئەو کچەیە کە گشت سەرنشینانی بەلەمێکی نقومبووی لە دورگەی میدیلی ڕزگار کرد، یوسەنا بە هۆی ئەو کارە مرۆڤانەی بەشداری ئۆڵۆمپیاتی مەلەوانی دەکرێت.

نۆ مانگ بەر لە ئێستا یوسەنا ماردینی کە کچێکی ١٧ساڵانی وڵاتی سوریایە، دەیەوێت بە ڕێگەی دەریا ئیجە بگاتە ئەوروپا، لە ڕێگەدا ئەو بەلەمەی یوسەنا و ٢٠ کەسی تیایە نقومی ئاو دەبێت، بەڵام یوسەنا بڕیاردەدات کە بەو هونەرەی هەیەتی سەرجەم سەرنشینانی بەلەمەکە ڕزگار بکات و بەلەمەکە ڕادەکێشێت بۆ کەنار دەریا.

یوسەنا ماردینی لە دیدارێکیدا لەگەڵ ڕێکخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتوەکاندا بەم شێوەیە باسی ئەم ڕووداوە دەکات: "ئەو بڕیارە بۆ من زۆر ئاسان بوو، لە بەلەمەکەدا ٢٠ کەس هەبوو کەسیش مەلەوانی نەدەزانی، ئەگەر لەو بەلەمدا ئەو کەسانە خنکابوونا بۆ من شەرمێکی گەورەبوو."

یوسەنا و سارای خوشكەکەی خۆیان فڕێدەدەنە ناو ئاوی ساردی دەریا و بەلەمەکە بەپاڵدان و ڕاکێشان تا سێ کاتژمێر دەگەیەننە کەنار دورگەی میدیلی لە یۆنان. پاشان هەردوو خوشك بڕیار دەدەن بچنە وڵاتی ئەڵمانیا، لەماوەیەکی کورتدا دەگەنە بەڕلین، لەوێ کۆمەڵەی خێرخوازان هەردوو خوشکەکە دەنێرێت بۆ شوێنی وەرزشکارانی مەولەوانی، ئەو خوشکانە دەڵێن دەیانەوێت، ساڵی ٢٠٢٠ بەشداری ئۆڵۆمپیاتی تۆکیۆ بکەن.

کۆمیتەی ئۆڵۆمپیاتی نێونەتەوەیی بۆ جاری یەکەم بڕیاری دا گروپێکی پەنابەران بەشداری پێشبڕکێی Rio de Janeiro بکەن، یوسەناش یەک لەو ٤٣ سێ کەسەیە کە لە هاوینی ئەم ساڵ بەشداری ئەو ئۆڵۆمپیاتە دەبن کە لە بەڕازیل ئەنجام دەدرێت.

(ش ب)