دووەمین فیستیڤالی شانۆی کوردی دەستی پێکرد
13:32
ژنها
قامیشلۆ- لەشاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان دووەمین فیستیڤالی شانۆی کوردی بە جۆشێکی گەرمەوە دەستیپێکرد و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
دوێنێ یەکشەمە تەڤگەری کەلتور و هونەری دیموکراتی(تەڤ-چاند)، لەشاری قامیشۆی ڕۆژئاوای کوردستان، دووەمین فیستیڤالی شانۆی کوردی دەستی پێکرد، فیستیڤالەکە لە ٢٧ی مارس تا ٣-ی نیسان دەخایەنێت، ئێستاش شانۆی "بونیادنانی ژیانێکی ئازاد" پیشان دەدرێت، بەسەدان کەس ئامادەی فیستیڤالەکە بوون، لە فیستیڤالەکەدا ١٥ شانۆ پێشکەش دەکرێن.
سەرەتای فیستیڤالەکە وتەی کردنەوە لەلایەن کیفاح چۆلی هاوسەرۆکی (تەڤ-چاند) پێشکەش کراو باسی لە ڕۆلی پێشەنگی شانۆی کرد لەلایەن شانۆگەران و ئاستی شانۆی کوردی لەم سەردەمەدا.
لە بەردەوامی فیستیڤالەکەدا، حەنیفە حوسێن ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری (تەڤدەم) وتەیەکی پێشکەش کردو رایگەیاند: "کەلتور بنچینەی ژیانی مرۆڤایەتیە، ئەگەر لەکۆمەڵگەدا کەلتور نەبووایە، کۆمەڵگەکان نەیاندەتوانی بەردەوامی بەهەبوونی خۆیان بدەن." ناوبراو لەدرێژەی قسەکانیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر ڕۆڵی کەسانی پێشەنگ لە شانۆی کوردی و وتی: "هۆکاری لەنێونەچونی شانۆی کوردی بۆ پێشەنگی کردنی کەسانی وەک شەهید (یەکتا هەرەکۆ، ڕێزان و زەردەشت) دەگەڕێتەوە."
هەروەها عەدنان ئیبراهیم وەزیری کاروباری کەلتوری و مامۆستا عەبدولرەحمان وتەیەکیان لە سەر گرنگی شانۆ پێشکەش کرد، دواتریش فیلمێکی دیکۆمەنتاری لە سەر ژیانی هەرسێ شەهید و پێشەنگی شانۆی کوردی،(یەکتا هەرەکۆ، ڕێزان و زەردەشت) پیشاندرا.
فیستیڤال بە کورتە شانۆیەک کە لەلایەن، ئەندامانە ژنەکانی (تەڤ-چاند) ئامادەکرابوو بەردەوامی کرد و هەروەها پاشانیش گروپی گۆرانی و مۆسیقای شەهید مزگین، چەند بەرهەمێکی خۆیان پێشکەش بە ئامادەبووانی فیستیڤالەکە کرد، بڕیارە ١٥ شانۆی جۆراوجۆر پیشان بدرێن، فیستیڤالەکە تا ٣-ی نیسان بەردەوام دەبێت.
(ش ب)