لە 'گرێ سپی' ژنان خۆیان بەڕێکخستن دەکەن
10:37
زاهیدە ئەحمەد/ژنها
کۆبانێ- بەرپرسی دەستەی کاروباری ژنان لە گرێ سپی باسی لە بارودۆخی ژنانی شارۆچکەی گرێ سپی کرد لە دوای ڕزگاربوونیان لە دەستی چەتەکانی داعش و ڕایگەیاند کە بەگوێرەی ساڵانی ڕابردوو ژنان هەنگاوی سەرکەوتویان ناوە بۆ بەدەست هێنانی مافەکانیان.
شارۆچکەی گرێ سپی سەر بە کانتۆنی کۆبانێ-ی ڕۆژئاوای کوردستان، دوای ئەوەی لە دەستی چەتەکانی داعش ئازاد کرا، سەر لەنوێ هاوڵاتیان دەستیان بە ژیانی ئاسایی خۆیان کردوە، لە هەموو ڕوێکەوە هاوڵاتیان دەستیان کردوە بە هەوڵ وکۆشش بۆ بونیادنانی ژیانێکی بەڕێکخستنی و سەقامگیر. بەتایبەتیش ژنان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە سەرلەنوێ بونیادانانەوەی شارۆچەکە و سیستەمی خۆیان، سەبارەت بۆ چۆنێتی خۆبەڕێکخستن کردنی ژنان لەو ناوچەیە خەنسا ئەحمەد، بەرپرسی دەستەی کاروباری ژنان لە شارۆچکەکە بۆ ئاژانسەکەمان دوا و ڕایگەیاند کە ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە بەتایبەتیش لە ڕووی پاراستنیدا ژنان هەنگاوی باشیان ناوە.
خەنسا سەرەتا باسی لە دڕندەیی چەتەکانی داعش کرد و وتی: "کاتێک چەتەکانی داعش هێرشیان بۆ سەر گرێ سپی هێنا هەرچی ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان هەیە هەموویان بە تاڵان برد، کردەوەی نامرۆڤانەیان لە بەرامبەر هاوڵاتیان ئەنجام دەدا، دوای ئەوەی بە دەستپێشخەری شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژە، ناوچەکە لە دەست چەتەکان ئازاد کرا، گۆڕانکاری زۆر کراوە، بەتایبەتیش بارودۆخی ژنان لە گرێ سپی بەگوێرەی ساڵانی ڕابردوو، گۆڕانکاری زۆری بە خۆوە بینیوە، ئیتر ژنان لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەدا خاوەن ڕۆڵ و پێگەن، بەتایبەتیش لە ڕووی خۆپاراستندا."
خەسنا ئاماژەی بە ڕێژەی کێشەکانی ژنان و چۆنێتی چارەسەری کرد و جەختی کردەوە: "ناوەندی ژنانمان هەیە من لێرە کاردەکەم، زۆربەی کێشە و گرفتەکانی ژنان لێرە چارەسەر دەکرێن، کار ئاسانیان بۆ دەکەین و کاریان بۆ دابین دەکەین، لە ڕووی هزری و کۆمەڵایەتیدا خولی پەروەردەکردن بەڕێوە دەبرێن."
خەسنا ئەحمەد بەرپرسی دەستەی کاروباری ژنان شارۆچکەی گرێ سپی، لە کۆتایشدا وتی: "بۆ ئەوەی بتوانین لە ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتداری خۆمان ڕزگار بکەین و مافەکانمان بەدەست بێنین، دەبێت هەموومان لەسەر شێوازی ژیانی ژنان و بە بیرکردنەوەی ژن بۆ ئازادی، خۆمان لە هەموو ڕوێکەوە بە ڕێبازی پەروەردە و گفتوگۆکردن پێشبخەین، نابێت سوربین لەسەر مانەوەمان وەک کۆیلەیەک. ئێمەی ژنان بە یەکێتی و یەک ڕیزی دەتوانین خەونی ئازادی بکەینە ڕاستی."
(ش ب)