کابینەی نوێی عەبادی حکومەتێکی بێ ژن
14:30
ژنها
ناوەندی هەواڵ- تاوتوێكردنی گۆڕانكاری وەزاری حكومەتی عێراقی بەدوورە لە باسكردنی رۆڵی ژنان تیایدا كە بەهۆی قۆناغی یەكەمی گۆڕانكاریەوە تاكە وەزارەتەكەیان لەدەستدا لەو حكومەتەدا.
پێنج شەممەی داهاتوو دوا وادەیە كە پەرلەمان بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی داناوە تا گۆڕانكاری لەكابینەی حكومەتەكەیدا بكات بێ ئەوەی ئایندەی بەشداری ژنان لەو گۆڕانكاریانەدا دیار بێت.
بەر لەوەی عەبادی لەساڵی رابردوودا حكومەتەكەی بچوك بكاتەوە تەنها یەك وەزیری ژن لەكابینەكەیدا هەبوو كە بەیان نوری وەزیری دەوڵەت بوو بۆ كاروباری ژنان كە بەهۆی ئەو گۆڕانكاریەوە پۆستەكەی هەڵوەشێنرایەوە بێ ئەوەی هیچ ژنێك بخرێتە وەزارتەكانی ترەوە.
مەیسون دەمەلوجی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە راگەیاندوە کە ژن لە عێراقدا تواناو لێهاتوویی خۆیان سەلماندووە لەسەرجەم بوارو وەزارەتەكاندا، توانایان لە پیاو كەمتر نییە، بەڵكو بە پێچەوانەوە لە رووی دەستپاكی و گەندەڵەیەوە كەمتر قسە لەسەر ژن دەكرێت، ئێمە پشتگیری ژن دەكەین، بەتایبەت بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵای سیادی.
نیبراس مەعموری سەرۆكی مونتەدای ژنە راگەیاندنكارەكانی عێراقی-ش دەڵێت: "لاوازییەك هەیە لە دەستنیشانكردنی پاڵێوراوی ژن، ئەگەر هەشبێت تەنها بۆ وەزارەتەكانی دەوڵەتە نەك بۆ وەزارەتە سیادی و خزمەتگوزاریەكان، رایەك هەبوو چەند ناوێكی دیاریكراو كاندید بكەین بۆ وەرگرتنی وەزارەت، بەڵام دوایی هاتینە سەرئەوەی لێگەڕیین بوار بدەین ژنان خۆیان كاندید بكەن". ناوبراو جەختیش دەکاتەوە: "كێشەكە تەنها لەوەدا نییە ژن دەگاتە وەزارەت یان نا، هەندێكجار لەوانەیە بگاتە وەزارەتیش، بەڵام ئایا ئەوانەی لە خواری ئەوەوەن بەربەست و ئاستەنگی بۆ دروست ناكەن؟ هێشتا كەلتوری بەكەم سەیركردی ژن لە عێراقدا زاڵە".
لەئێستادا تەنها رەوتی سەدر چەند ژنێكی خستۆتە نێو پاڵێوراوەكانی بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەكان لەپاش ئەنجامدانی گۆڕانكاری وەزاری.
ریحاب عەبود ئەندامی پەرلەمانی عێراق پێیوایە؛ "سیستەمی كۆتا تەنها دەسەڵاتی یاسادانان دەگرێتەوە، هیچ دەقێكی یاسایی و دەستووری نییە، فراكسیۆن ولایەنەكان و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ناچار بكات رێژەیەكی دیاریكراوی ژن لە كابینەكەیدا دابێت، عەبادی پەیمانی داوە، لە كابینەی تەكنۆكراتەكەیدا ژن وەزارەتی سیادیش وەربگرێت, بەڵام بەداخەوە هیچ ناوێكی ژن بابینین پاڵوێراوبێت بۆ ئەو كابینەیە"
ڤیان دەخیل ئەندامی پەرلەمانی عێراق جەخت لەوەدەكاتەوە كە هێشتا بەرچاویان روون نییە سەبارەت بە گۆڕانكارییەكان لە كابینەكەی عەبادیو ئەگەر هەیە ژن تەنها لەیەك وەزارەتدا هەبێت، ناوبراو دەڵێت: "ژن لە بارودۆخێكی ئاوهای پڕ لە جیاوازییەی نێوان لایەنەكاندا ناتواێت بە ویستی خۆی بجوڵێت، لە كاتێكدا دەبوو سیاسییەكان وەك شەریكی راستەقینەی خۆیان سەیری ژنیان بكردایە، نەك تەواوكاری كارەكانیان".
س:دەزگای دواڕۆژ
(ش ب)