" هێزی ژنان کۆتایی بە ئەقڵیەتی داعش دێنێت"

09:34

ژنها

سلێمانی- چالاکێکی بواری ژنان ڕایگەیاند کە ئامانجی شەرڤانان و گەریلا لە بەشداری کردنی ئۆپراسیۆنی موسڵ سەقامگیرکردنی بارودۆخی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و ئازادکردنی شاری موسڵە.

سەیران رەواندوزی چالاکی بواری ژنان سەبارەت بە گرنگی پێگەی شەرڤانان و گەریلا لە شەنگال و کاردانەوەی هەندێک لایەن بەرامبەر سەرکەوتنەکانیان، بۆ ژنها دوا. ناوبراو سەرەتا ئاماژەی بە ڕابردووی شەنگال کرد کە چەندین جار ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بۆتەوە و وتی: "له نێوان ساڵانی ١٨٤٠-١٨٥٠حەفتا جار، لەلایەن عوسمانیەکانەوە فەرمانی قرکردن بەسەر شەنگال دراوە، ئەو کاتیش بەهەمان شێوەی ئێستا بەهەزارەها گەلەکۆمە، تاڵان، بەکۆیلەکردنی ژنان و کچانی ئێزیدی ئەنجامدراوە. بەداخەوە ٧١ مین فەرمان ئەمجارە دەستی کوردی بەکرێگیراوی تیابوو بەتایبەتیش ڕاستەوخۆ مەسعود بارزانی بەرپرسیارە لە کۆمەڵکوژی ئێزدیەکان لە مانگی ئابی ٢٠١٤."

ناوبراو ئاماژەشی بەوە کرد کە پلانگێڕییەکی گەورە لەسەر گەلی کورد بەڕێوەدەچێت و جەختیشی کردەوە: "پلانگێریەک بەڕێوەدەچێت و دەیانەوێت ئەو پلانگێریە لەشەنگال بە ئەنجام بگەیەنن، شەنگال ناوچەیەکی ستراتیژیە، تورکیا دەیەوێت هەلێک بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی شەنگال و ناوچە دابڕاوەکان بخەنە ژێر کۆنترۆلی خۆی، گرێبەستەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتیش هەڵوێستی مەسعود بارزانی مەترسی زیاتر دروست کردوە."

سەیران رواندوزی لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: "هۆکاری سەرەکی کۆمەڵکوژی ئێزیدیەکان و بەدیل گرتنی زیاتر لە ٧٠٠٠ ژنی ئێزیدی و هەموو ئەو تاوانانەی بەرامبەریان ئەنجامدران، سیاسەتی دووفاقی پارتی و بەرپرسانی ئەو پارتەیە." ناوبراو وتیشی: "تاکە هێزێک کە بتوانێت کۆتایی بەو ئەقڵیەتەی بێنێت و زامەکانی ئێزیدیەکان ساڕێژ بکات هێزی شەرڤانانە بە پێشەنگی یەکینەکانی ژنان."

ئەو چالاکوانەی ژنان تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرنگی شەرڤانان و وتی: "پەکەکە بۆ هاوڵاتیانی شەنگال وەک فریادرەس وابوو، ژنانی شەنگال بۆ جاری یەکەم لە مێژوودا بێ ئەوەی هیچ بەربەستێک بناسن، بە هێزی جەوهەری و بە ئیرادەی ئازادی خۆیان شەڕی ئازادیان کرد، ئێستاش دەستیان بە قەلاچۆکردنی دوژمنی مرۆڤایەتی کردوە، چەتەکانی داعش لە سەر دەستی ژنان لەنێو دەچن."

سەیران رەواندوزی چالاکی بواری ژنان لە کۆتایشدا سەرنجی راکێشایە سەر هەڵمەتی رزگاری موسڵ و وتی: "ئامانجی شەرڤانان و گەریلا لە بەشداری کردنی ئۆپراسیۆنی موسڵ سەقامگیرکردنی بارودۆخی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و ئازادکردنی شاری موسڵە، شەڕڤانان ئێستا بوونەتە ئومێد بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە بەتایبەتیش یەکینەکانی ژنانی شەنگال(یەژەشە) هێز و توانای داوەتە سەرجەم هێزەکانیتر، ئەوان دەستپێشخەرن لە هەموو هەڵمەتێکدا، کەسانی وەک شەهید گولچین ئێستا بوونەتە سەمبۆلی بەرخۆدانی ژنانی کورد، بێ ئەوەی سنورە دەستکردەکان بناسێت لە شەنگال گیانی بەخشی. هەر ئەو هێزەیە کە دەتوانێت چارەنوسی ژنانی شنگال دیار بکات."

(ش ب)