بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی ڕۆڵەکانیان ٦٥ ڕۆژە ئێشک دەگرن!
09:36
ژنها
ئامەد ــ لەگەڵ ئەوەی کە قەدەغەی هاتووچۆ هەڵگیراوە، داگیرکاری دەوڵەتی تورک لە سور بەردەوامە، بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی ڕۆلەکانیان کەسوکاری گیان بەختکردوان ٦٥ ڕۆژە ئێشک دەگرن. ئەو کەسانەی کە لە ئێشکگرتندان، ئاشکرایان کرد ئەو تەرمانەی هێنراونەتە نەخۆشخانە لەبەر ئەوەی ناناسرێنەوە ئاستەنگیان بۆ دروست بووە و ڕایانگەیاند کە ئەمە کارێکی نامرۆڤانەیە، دڕندایەتیەکی گەورەیە. هەروەها ڕایانگەیاند کە هەتا تەرمەکانیان وەردەگرنەوە لە ئێشکگرتن بەردەوام دەبن.
دەستدرێژی و داگیرکاری هێزەکانی دەوڵەت لەسەر ناوچەی سور لە ڕۆژی ١١٨ دا بەردەوامە. ئەو بنەماڵانەی کە نەیانتوانیوە تەرمەکانیان وەرگرنەوە لە ناوەندی کەلتوری دیجلەو فورات ماوەی ٦٥ ڕۆژە لە ئێشکگریدان. بنەماڵەکان زانیاری ئەوەیان دا کە لەبەر ئەوەی تەرمەکان ئەشکەنجەی زۆر کراون ناناسرێنەوە. کەسوکاری (تورگای گیرچەک) کە لە ١٦ کانونی دووەم گیانی لەدەستدابوو، لەگەڵ کەسوکاری ڕەمەزان ئۆگوت ڕایانگەیاند تا تەرمی منداڵەکانیان وەرنەگرنەوە لە چالاکیەکەیان بەردەوام دەبن.
"لەوانەیە تەرمی کوڕەکەم لەژێر دارو پەردووی وێرانەکاندا بێت"
مەقبولە گیرچەک، دایکی تورگای گیرچەک دەڵێ هەرچەندە تێکهەڵچوون لە سور نەبوو بەڵام کوڕەکەی ئەو شەهیدبووە، بەڵام ڕێگە نادەن تەرمەکەی وەرگرنەوە، مەقبولە وتی: '' لە ١٦ کانونی دووەمدا کوڕەکەم شەهیدبووە، لەوڕۆژەوە تا ئێستا ئێمە لە چالاکیداین و هیچ ئەنجامێکمان وەرنەگرتووە، هاوژینەکەم سەیری وێنەی هەموو شەهیدانی کردووە، بەڵام دەموچاویان ناناسرێتەوە، بۆیە دڵنیا نین کە یەک لەوان کوڕەکەی من بێت، لەوانەشە تەرمی کوڕەکەم لە بن دارو پەردووی ئەو وێرانانەدا بێت کە بردوویانە، گومانمان هەیە، قەدەغە هەڵگیرا بەڵام داگیرکاری و گەمارۆ بەردەوامە، ئێمە دەمانەوێ تەرمەکانمان وەرگرینەوەو داوای کردنەوەی ڕێڕەوێک دەکەین."
'"هەر جارێک کە دێمە سور، لەناخەوە هەست بە ئازاری کوڕەکەم دەکەم"
دایە مەقلوبە ئاشکرای کرد کە هەتا تەرمی کوڕەکەیان وەرنەگرنەوە دەست لە چالاکی بەرنادەن و وەها درێژەی بە قسەکانی دا: '' تورگای لەو گەڕەکەی لەدایک بوو هەر لەوێش شەهید بوو، هەر تەرمێک لە سور دەردەهێنن ئێمە دەچین بزانین کوڕەکەی ئێمەیە یان نا، بەڵام هیچ کام لەوان تا ئێستا نەناسراونەتەوە لەبەر ئەوەی شێواون، با منداڵەکانمان بە شۆفڵ دەرنەهێنن، سێ مانگە تەرمی منداڵەکانمان لەسەر زەوی ماونەتەوە، من دێمە سور وەک ئەوەی کە کوڕەکەم چاوەڕوانم دەکات، ناتوانم لەماڵ دانیشم، با ئیتر منداڵەکانمان ئەشکەنجە نەکەن، منداڵەکانیان کوشتین ئیتر با تەرمەکانیان بدەنەوە پێمان، تا ئەوکاتەی تەرمی منداڵەکانمان وەردەگرینەوە چالاکیمان بەردەوام دەبێت."
"تەرمەکان ناناسرێنەوە"
ڕەمزیە سۆلاک، کە خزمێکی نزیکی (ڕەمەزان ئۆگوت) رایگەیاند کە چەندین تەرمیان هێناوەتە نەخۆشخانە بەڵام نایادەنەوە بە کەسوکاریان، رەمزیە وتیشی: "چوار مانگە ڕەمەزان شەهید بووە، لەو ڕۆژەوە تا ئێستا ئێمە بەردەوامین لە چالاکی ئێشکگرتن تەرمی ڕەمەزانمان وەرنەگرتۆتەوە، ئەوەی کە ڕوو دەدات نامرۆڤانەو دڕندایەتیە، خەڵک کۆچبەر بوون و ڕۆلەکانیشیان کۆمەڵکوژکران، تەرمەکانیان هێناوەتە نەخۆشخانە ناناسرێنەوە، ڕۆلەکانمان بەدڕندەترین شێوە کۆمەڵکوژ کرد و تەرمەکانیان هێناوەتە نەخۆشخانە بەڵام تەرمەکان ڕادەستی کەسوکاریان ناکرێنەوە، ئێمە سەیری ئەو تەرمانەمان کردووە کە لە سور دەریان هێناونەتەوە بەڵام ڕەمەزانی تێدا نیە، ئەو تەرمانەشی کە وەردەگیرێنەوە هەر ناناسرێنەوە، هەرچەندە قەدەغەی سور هەڵگیراوە بەڵام ڕێگە نادەن بچینە ناوەوە، ئێمەش لە چالاکیەکەمان هەتا کۆتایی بەردەوام دەبین."
(ش ب)