هاوسەری شەهید فاخیر: کوا دەنگی حکومەت؟
11:40
ژنها
ناوەندی هەواڵ- لەیلا دایکی چوار منداڵ و هاوسەری شەهیدێکی پێشمەرگە لەسەر شەهیدبوونی کوڕەکەیان کە دوو شەو لەمەوبەر لەلایەن چەتەکانی داعش بەدڕندەی شەهید کرا، وێڕای ناڕازیی بوونیان لە بێدەنگی حکومەتی هەرێم دەڵێت؛ دەبمە پێشمەرگە و تۆڵەی شەهیدەکەم دەکەمەوە.
لەیلا خێزانى شەهید فاخیر ڕایگەیدوە: " ڕۆژانە کە یەکێک لە دەرگاى ماڵەوە دەدات منداڵەکان دەڵێن ئەوە باوکمان هاتەوە، کوا حکومەت بۆ دەنگیان نیە لە بەرامبەر بە دیلگرتنى کورەکانمان؟ هیچمان ناوێت تەنها تەرمى شەهیدەکەمان بێتەوە بەڵێن دەدەم دەبم بە پێشمەرگە چەک هەڵدەگرم تاوەکو تۆڵەى بکەمەوە."
فاخر عاسی پێشمەرگەی شەهید، باوکى چوار منداڵ بوو بە ناوەکانى، (هەناسە تەمەنى شەش ساڵان، فیردەوس تەمەنى چوار ساڵان، هەژار تەمەنى سێ ساڵان، فرمێسک تەمەن سالێک و پێنج مان) .
شەوى ٣١-١-٢٠١٥ چەتەکانی داعش لە میحوەرى باشورى کەرکوک لە ناوچەکانى مەکتەب خالید و مەلا عەبدولا، مەریەم بەگ و تەل ئەلورد بە سوود وەرگرتن لە تەمومژی هەوا هێرشێکیان کردەسەر هێزەکانى پێشمەرگە لەو ناوچانە، لەوکاتەدا ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید بوون و ١٧ پێشمەرگە بەدیل گیران، پاشان لە لایەن گەریلاکانی هێزەکانی پاراستنی گەل و پێشمەرگە جارێکى دیکە ناوچەکە ئازادکرایەوە، چەتەکانی داعش لە پاش خۆیان چەندین لاشەیان بەجێهێشت .
جێگەی باسە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای نزیکەی٢٤ کاتژمێر لە شەهید بوونی پێشمەرگە، لە یەکەم لێدوانیدا رایگەیاندبوو "تاوەکو ئێستا دڵنیا نەبوونەتەوە لەوەی ئەو کەسەی داعش گرتەی سەربڕینی بڵاوکردەوە پێشمەرگەیە یاخود سڤیل."
(ش ب)