ژنان لە جزیرە: هێز و هیوامان زۆر لەوە زیاترە
14:05
ژنها
شرناخ- ژنان لە شاری جزیرە پێشەنگیان بۆ بەرخۆدانێکی مێژووی کرد، ئێستاش بازوویان هەڵکردوە بۆ سەر لەنوێ بونیادنانەوەی شارەکەیان.
دوای ئەوەی لە شاری جزیرەی سەر بە شرناخی باکوری کوردستان باری ئاسایی ڕاگەیاندرا، هاوڵاتیان دەستیان کردوە بە پاککردنەوەی کۆڵانەکان و نوژەنکردنەوەی خانوەکانیان.
لە گەڕەکاکانی جودی، سور، نور و یاسەف بۆ هۆی بۆردوومان هەموو ماڵەکان خاپور کراون و کەلوپەلی ناو ماڵەکانیش سوتاوە و شکاوە، لەو چوار گەڕەکە کە هیچ ماڵێک نەماوە خاپور نەکرابێت، هاوڵاتیان دەستیان کردوە بە سەر لەنوێ نوژەن کردنەوەی ماڵەکانیان و ژنانیش دەڵێن هێزی ئێمە زۆر لەوە زیاترە و بە وێران بوونی ماڵەکانمان پشتمان نەشکاوە.
"بە وێران بوونی ماڵەکانمان پشتمان نەشکاوە"
ئەمینە گەرس، رایگەیاند کە ئەوان بە ڕەنج و ماندووبوونێکی زۆرەوە خانوەکانیان دروستکردبوو، ئەمینە وتی: "ئەوەی بێت سەیری ماڵەکانمان بکات تێدەگات کە چ جۆرە چەکێک بەکارهاتوە لە جزیرە، چ هێرشێکی سەخت ئەنجامدراوە، زۆربەی کەلوپەلەکانمان لەژێر خانوەکاندا سوتاون و شکاون ئەوەی تریشیان بە تاڵان بردوە، هەرگیز ئەم تاوانانە لە بیر ناکەین بە هێزی خۆمان سەرلەنوێ خانوەکانمان نوژەن دەکەینەوە، ڕاستە هیچمان بۆ نەماوەتەوە، بەڵام بە وێران بوونی ماڵەکانمان پشتمان نەشکاوە."
"هەموو تاوانەکان لە سەر ناوی گەلی تورک ئەنجامران"
فەوزیە تەکەر ژنێکیری ئەو شارەیە، رایگەیاند کە هێزەکانی دەوڵەت لەکاتی هێرشکردندا بێڕێزی بەئەوان کردوە و وتی: "هێزەکانی دەوڵەت ماڵێکیان نەهێشتوە لە جزیرە کە تاڵانیان نەکردبێت و دەرگاکانیان نەشکاندبێت و وێرانیان نەکردبێت، لێرە گەورەترین کۆمەڵکوژی پێکهات، کەسێک دەنگی نەکرد، لەجزیرە مرۆڤ بە ساغی سوتێندران، چەندین ڕۆژ هاوڵاتیان لە ژێرزەمیندا چاوەڕوانی ئاویان دەکرد، ئەمە بەس نەبوو بێڕێزیان بەجەستەی ژنان کرد، ئەو کردەوانە هەموو لە سەر ناوی گەلی تورک ئەنجامدراون، بەڵام لە بەرامبەر هەموو ئەو تاوانانەی لە جزیر ئەنجامدران، هەرکەس بێدەنگی هەڵبژارد."
"بەهاوکاریکردنی یەکتری زامەکانمان ساڕێژ دەکەیەن"
حەلیمە ئاکمەش ژنێکیتری ئەو شارەیە ئەویش بەو شێوەیە بۆمان دوا: "هەرچۆنێک بێت ئەو ڕۆژانە تێدەپەڕن، ئێمە ژنی بەهێزین، بەرلە ٢٠ ساڵ گوندەکەمان چۆڵکراو دواتر سوتێندرا، چۆن ئەو ساڵانەمان تێپەڕاند، ئەو ڕۆژە ناخۆشانەش تێدەپەڕێنین، تەنها هاوکاری پشتیوانی کردن بەهێزمان دەکات و زامەکانمان ساڕێژ دەکات، لێرە بەسەدان کەس گیانیان بەختکرد، ئەوان خاوەنی ئەم وڵاتە و ئەم شارە بوون، ئەگەر تەنانەت بۆ ژیاندنەوەی بیرەوەریەکانی ئەوانیش بێت دەبێت بەهێز بین"
"هەرگیز ناتوانن ئێمە لە نێوبەرن"
لە کۆتایشدا ژنێکیتری شاری جزیرە بەناوی ناهیدە ئەرەن وتی: "ماڵەکەم بەتەواوی وێران بووە هیچ شتێکم بۆ نەماوەتەوە، بەس ئێمە زۆر لەوە بەهێزتر و گەورە ترین، ساڵی ڕابردووش گوندەکەیانمان بۆردوومان کرد، بەڵام نەیانتوانی لە نێومان بەرن، ناتوانن هەرگیز ئێمە لەنێو بەرن، بەدەست و پەنجەی خۆم خانوەکەم بونیاد دەنێمەوە، خۆزگە هەر زیانی مادیمان بەرکەوتایە و ئەو هەموو گەنجەمان شەهید نەبووایە."
(ش ب)