"جیلێک پێدەگات کەباری دەرونیان تەواو نیە"

09:36

ژنها

وان- ناڕەزایی ژنانی تورکیا و باکوری کوردستان ڕۆژ بەڕۆژ بەرامبەر دەستدرێژی و مامەڵەی خراپی کارمەندانی دەوڵەت لەسەر منداڵان زیاتر دەبێت، سەرەپ ئۆزنور چالاکی بواری ژنان، لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، کە ئەو جیلەی ئێستا پێدەگات لەڕووی دەرونیەوە کێشەی زۆریان دەبێت.

ژنان لە شاری وان ناڕەزاییان بەرامبەر سیاسەتی حکومەتی ئاکەپە پیشاندا کە دەیەوێت بە پەیڤی "جارێک ڕوویداوە" دەستدرێژی سەر منداڵانی خوێندکار ڕەوا بکات، لەوبارەیەوە سەرەپ ئۆزنور، چالاکی بواری ژنان ڕایگەیاند: " باوەڕی منداڵان بە هەموو ئەو دەزگایانە نەماوە کە بەناوی منداڵانەوە کاردەکەن، لە جیاتی ئەوەی تاوانباران سزا بدرێن دەگوازرێنەوە."

ناوبراو وتیشی: "مامەڵەی خراپ و هەوڵی دەستدرێژی سەر منداڵان کاریگەری خراپ دەکاتە سەر منداڵان و خێزانەکانیان، ئەو جیلەی کە ئێستا پێدەگات باری دەرونیان باش نابێت، پێموایە ئەمەش بەردەوامی سیاسەتی شەڕە، هەمیشە دەسەڵاتداران بۆ ئەوەی خۆیان بەسەر کۆمەڵگە بسەپێنن، دەستدرێژی و بەدڕەوشتی پێش دەخەن."

هەر سەربارەت بەو مژارە موراد مەلەت، کۆمەڵناسی مافی مرۆڤ، لە شاری وان، وتی: "هەمیشە دەستدرێژی و لاقەکردنی منداڵان دەبینین لەلایەن کاربەدەستان و کارمەندانی دەوڵەت، ڕۆژ بەڕۆژ وەک دیاردەیەک ڕوو لە زیادبوونە، دەیانەوێت جۆرە بەدڕەوشتیەک لە ناو کۆمەڵگەدا پێشبخەن کەمایەی قبوڵکردن نیە، چونکە بەپێچەوانەی هەموو یاسا و ئاکارێکی مرۆڤایەتیە."

موراد مەلەت جەختی کردەوە: "کاتێک خێزانێک منداڵەکەی دەنێرێت بۆ وەقفی فێرکردن بۆ خوێندن و فێربوونی زانستێک دەینێرێت نەک بۆ ئەوەی دەستدرێژی بکرێتە سەر، بۆ ئەوەی مافی منداڵان چیتر پێشێل نەکرێت دەبێت ماف و یاسای منداڵان بەگوێرەی نێونەتەوەییەوە کاریان پێبکرێت، دەبێت لە بودجەی پۆلیس و سەربازان کەمبکرێتەوە و بۆ خزمەتی منداڵان."

شایەنی وەبیر هێنانەوەیە کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر وەقفی ئەنسار لە شاری ئەستەنبۆل-ی تورکیا بە تاوانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ٤٠ لە خوێنکارانی بووە ڕۆژەڤی تورکیا، بەڵام لە بەرامبەر ئەمە وەزیری پەروەردەی دەوڵەت ڕایانگەیاندبوو نابێت ناوی ئەو دەزگایە بزرێندرێت، چونکە تەنها جارێک ئەم ڕووداوە ڕوویداوە.

(ش ب)