ژنێک دەبێتە سەرۆک پەرلەمانی ڤێتنام
14:33
ژنها
ناوەندی هەواڵ- بۆ جاری یەکەم لە مێژووی وڵاتی ڤێتنام ژنێک بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمان دەبێتە سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە.
ئەمرۆ پێنجشەممە، پەرلەمانی ڤێتنام بە زۆرینەی دەنگ متمانەی بەخشی بە " نگوین تای کیم نگان" ی تەمەن 62 ساڵ، کاندیدی پارتی کۆمۆنیستەکان وەک سەرۆکی پەرلەمانی ڤێتنام کە چوارەم گەورە بەرپرسە لە حکومەتی ڤێتنامدا.
لە میانەی وتەیەکیشیدا لە ناو پەرلەمانی وڵاتەکەی، نگان رایگەیاند: سوپاسی پەرلەمانی وڵاتەکەم دەکەم بۆ ئەو متمانەیەی بە منیان بەخشی. هەروەها وتیشی: لە خزمەتی پەرلەمان و خەڵک و دەستوی ڤێتنامدا دەبم.
نگوین تای کیم نگان لە کۆی 500 کورسی پەرلەمانی ڤێتنام 95.5%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بووە یەکەمین سەرۆکی ئافرەتی پەرلەمانی ئەو وڵاتە.
ئەگەرچی زۆرینەی ئەندامانی پارتی کۆمۆنیستی ڤێتنام لە رەگەزی نێرن بەڵام بە پێی یاسای ئەو وڵاتە ژمارەیەک پەرلەمانتاری ژنیش لەسەر لیستی کۆمۆنیستەکان ئەندامی ئەو پەرلەمانەن.
کۆماری سۆشیاڵیستی ڤێتنام دەکەوێتە باشووری ڕۆژھەڵاتی کیشوەری ئاسیادا. پایتەختەکەی شار ھانۆیە، یەکێکە لە وڵاتە گەورەکان و بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2014 ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی ئەو وڵاتە زیاترە لە 92 ملیۆن کەس و 33 لەسەدی دانیشتوانی وڵاتەکە لە شارەکان دەژین.
(ش ب)