بە ڕووەکە سروشتیەکان دەرمانی هەموو دەردێک دروست دەکات

11:33

ژنها

وان- نەزاحەت گور تەمەن ٤٤ ساڵان، ئەو ژنەیە کە ماوەی ٢٧ ساڵە لە ڕووەکی سروشتی داو دەرمان دروست دەکات و چەندین جۆرە نەخۆشی چارەسەر دەکات.

نەزحەت گور، لە کوێستانەکانی فەڕاشین کە دەکەونە ناوچەی 'ئەلک' سەربە شاری شرناخی باکوری کوردستان چاوی بەدونیا هەڵێناوە، نەزاحەت لە تەمەنی ١٤ ساڵان بەهۆی دابونەریتە زاڵەکانی کۆمەڵگە ژیانی هاوسەرگیری پێکدێنێت. نەزاحەت هەر لەمنداڵیەوە ئاشنای ژیانێکی سادەو سروشتێکی خاوێن دەبێت، بۆیە لە تەمەنی لاویەوە دەست دەکات بە دروستکردنی دەرمان لە گژ و گیا سروشتیەکان.

ساڵی ١٩٩٤ بەهۆی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە گوندەکەیان ناچار دەبن کۆچ بکەن بۆ شاری وان، بەڵام کۆچبەری و دوورکەوتنەوە کۆڵ بە نەزاحەت نادا و بەردەوام دەبێت لە دروستکردنی دەرمانە سروشتیەکان و بەو هۆیەشەوە هاوڵاتیان و بەتایبەتیش ژنان لەدەوروبەری خۆی کۆدەکاتەوە.

نەزاحەت دەبێتە دایکی حەوت منداڵ و بەم شێوەیە باسی لە زەحمەتیەکانی ژیان و کۆچبەری و دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆی کرد: "چونکە دووربووین لە چۆنێتی ژیانی شار زەحمەتی زۆرمان چەشت، پێشتر بێ ئەوەی چاوم لە دەستی کەس بێت دەچوومە کوێستانەکان و گیای دەرمانم کۆدەکردەوە، بەڵام دوای ئەوەی کۆچبەری شاربووین، وەک پێشتر ناتوانم کار بکەم و بگەڕم، چونکە دابین کردنی بژێوی ژیان لەگوند ئاسانتر بوو بۆمان."

دایە نەزاحەت کە وەک دایکی سروشت ناسراوە لە تەمەنی ١٤ ساڵیەوە خەریکی دروستکرنی جۆرەها دەرمانی چارەسەرکردنی نەخۆشیە، کاتێک لە گوند دەبێت هیچ نەخۆشخانەیەک لە گوندەکەیان یان لەدەوروبەریان نابێت، بۆیە هەر نەخۆشێک، سوتانێک، برینداریەکیان بردۆتە لای ئەو.

دایە نەزاحەت بەوشێوەیە باسی کارەکەی بۆ کردین: "لەهاوینان نزیکەی ٢٠٠ جۆری گوڵ گیای کێوی کۆدەکەمەوە، دەگەڕم چەندی کوێستان و شاخ و دەشت دەگەڕم، هەر گیایێک لە شاخێک یان مێرگێک دەست دەکەوێت هەندێکیان زۆر بەزەەحمەتی دەست دەکەون، هەموویان بەجیا وشک دەکەم، پاشان بەجیا دەیان خەمە توری بچوک بچوک و هەڵیان دەگرم." دایە نەزاحەت وتیش: "بۆ نەخۆشی شەکرە، ڕەبۆ، بۆ درێژ بوون و هەڵوەرین قژ بۆ نەخۆشیەکانی هەناو و نەخۆشیەکانی ژنان، چەندین دەرمانی جۆراو جۆر دروست دەکەم "

لە کۆتایشدا نەزاحەت گور دکتۆری کوردەواری دەرمانە سروشتیەکان باسی لەوە کرد کە هەرچەند ڕێگریان لێکردوە لەوەی بخوێنێت، بەڵام ئەو بە خۆشحاڵیەوە خزمەتی هاوڵاتیان دەکات و بەکارەکەشی زۆر دڵ خۆشە.

(ش ب)