ژنان لە هەزەخ: کۆڵ نادەین و بەردەوام دەبین لە تێکۆشان
14:25
ژنها
شرناخ- دوای ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی شارۆچکەی هەزەخ، هاوڵاتیان گەڕانەوە ماڵەکانیان، هاوڵاتیان بەتوندی ئیدانەیان ئەوکردەوانەیان کرد کە لە شارۆچکەکە ئەنجامدراون و ڕایانگەیاند کە دەوڵەتی تورک بە تانک و تۆپ شارۆچکەکەی وێران کردووە.
لە شارۆچکەی هەزەخی سەربە پارێزگای شرناخی باکوری کوردستان ماوەی ٤٤ ڕۆژ باری نایاسایی ڕاگەیاندرا، دوای شەرێکی سەخت لەو شارۆچکەیە و ئەنجامدانی چەندین تاوانی نارۆڤانە، بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ هەڵگیرا و دۆخەکە تا ڕادەیەک ئاسایی بۆتەوە.
هاوڵاتیان دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان بەڵام هەرچی خانو و ماڵی هاوڵاتیان هەیە بەسەر یەکدا ڕووخێندراوە، لەوباریەوە هاوڵاتیان بۆ ئاژانسی هەواڵی ژنها دوان و ڕایانگەیاند کە ئەوەی لە هەزەخ کراوە بەدوور نیە لە تاوانەکانی جزیر و سور.
هاوڵاتیان نوسینی سەردیوارەکانیان بەنمونە هێنایەوە کە بۆنی نەتەوەپەرستی و دوژمنایەتیەکەی قوڵیان لێدێت، هەندێک لەو نوسینانەی سەر دیوارەکانی ماڵ و کۆڵانەکانی شارۆچکەی هەزەخ بەم شێوەیەن(سوپای عەبدولحەمیدی دووەم، هێزی تورکیا هێزی پیاوان، یاسا لە لولەی تفنگ دایە و ...هتد).
فاتمە تورک وەک ژنێکی شارۆچکەکە لەوبارەیەوە وتی: "مەگەر دەبابە و تۆپمان هەن، دەوڵەت بە شێوەیەک هێرش دەکات وەک ئەوەی لەبەرامبەر سوپایەکی زلهێز شەڕ دەکات، ئەوانەی کە لەبەرامبەریان وەستاونەتەوە هاوڵاتی و خەڵکی مەدەنین، بۆ داوا و مافەکانمان شەڕ دەکەین داوای ئێمە داگیرکردنی وڵاتێکیتر نیە." ناوبراو وتیشی : "تا کوردێکمان مابین شەڕ دەکەین و لەبەرامبەر فاشیزم و دڕندەیی دەوڵەت کۆڵ نادەین."
هەروەها ئەسما تۆک، ژنێکیترە لە شارۆچکەی هەزەخ و بەم شێوەیە باسی لە کردەوە نا مرۆڤانەییەکانی سوپای تورک کرد "ماڵی من و براکەمیان تەخت کردوە، تا ئەو خانووەمان دروست کرد لەگەڵ هاوسەرەکەم حەوت ساڵ شوانکاریمان کرد، ئەردۆغان ئەو ماڵەی سوتاندووین کە بە ماندووبوونی حەوت ساڵ دروستمان کرد، کاتێک بەیانی چووم بینیم ماڵەکەمان سوتاوە پرسیارم لە پۆلیس کرد و وتم؛ بۆچی ماڵتان سوتاندووە، هەمووان بەیەکەوە پەلاماریان دام و بێڕێزی زۆریان پێکردم."
دەریا ئوتکان ژنێکیتری شارۆچکەی هەزەخە، ئەویش ئاشکرای کرد کە هێزەکانی دەوڵەت کەلوپەلی ناو ماڵەکەیان بەتاڵان بردوە، دەریا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "لەماڵی مندا خواردویانە و خەوتون و پاشان هەموو شتەکانیان دەرخستوە دەرگا پەنجەرەکانیان بردوە دواتر ماڵەکەشیان وێران کردوە، ماڵەکەمیان لەگەڵ زەوی تەخت کردوە و سوتاندویانە، بەڵام با هەرکەس ئەوە باش بزانێت کە ئێمە کۆڵ نادەین و لەمەیدانەکاندا پەرە بەتێکۆشانی خۆمان دەدەین."
(ش ب)