دایکی فورکانی شەش ساڵان: بەئەنقەست منداڵەکانمان دەکوژن
15:51
ژنها
ئامەد- لە گەڕەکی بەنوسەن-ی ناوچەی یەنیشەهر، لە شاری ئامەد هێزەکانی پۆلیس خوێندنگەیەکیان کردۆتە بارەگای سەربازی، لەکاتی بەشۆفل دیواری خوێندنگەکەیان دەڕوخاند، دوومنداڵیان خستە ژێر دیوار و گیانیان لەدەستدا، دایکی یەکێک لە منداڵەکان دەڵێت: بەئەنقەست منداڵەکەیان کوشتوە.
هێزەکانی پۆلیسی تورک خوێندنگەی تورگوت ئۆزالیان کردۆتە بارەگای سەربازی، دەوڵەتیش بڕیاری داوە کە منداڵانیش بێن لە هەمان خوێندنگەی کراوەتە سەربازگە وانەکانیان بخوێنن، بەواتایەکیتر منداڵانیان کردۆتە قەڵغانێک بۆ ئەوەی خۆیان لە گورزی شەرڤانان بپارێزن.
چەند ڕۆژ بەرلە ئێستا کاتێک بە شۆفل هەندێک لە دیوارەکانی خوێندنگەکە لادەبران بۆ ئەوەی شێوەی خوێندنگەکە بگۆڕن بۆ سەربازگە، دوو منداڵ بەناوەکانی ( ئەیاز ئۆزدەمیر و فورکان ئۆنەر) کە هەردوکیان خوێندکار بوون لە خوێندنگەکە، دەکەونە ژێر دیوارەکەو دەستبەجێ گیان لەدەست دەدەن.
موزەیان ئۆنەر دایکی دایکی فوراکان ئۆنەر-ی تەمەن شەش ساڵان بەم شێوەیە باس لە هۆکاری گیان لەدەستدانی منداڵەکان دەکات، "بەئەنقەست منداڵەکانمان دەکوژن، چونکە کوردین، بۆ ئەوان هیچ جیاوازیەکی نیە گرنگ ئەوەیە کورد بێت، ئینجا دەست لە خوێنی منداڵ و گەورە ناپارێزن، بەسە باوازمان لێبێنن."
موزەیان وتیشی: "منداڵەکانمان نەناردوە لە خوێندنگە بیانکوژن، ناردومانن گەورە ببن و پێبگەن، ئەردۆغان چی لێمان دەوێت؟ لەناو خوێندنگەدا سەربازگەیان دروستکردووە، ئەمە واتای چیە؟ واتای ئەوەنیە کە بە منداڵی دەتان کوژین؟ بەئەنقەست منداڵەکانیان خستۆتە ژێر دیوار، ئەردۆغان لە شوێنێکی ئارام پاڵدەداو لێرەش دڵی دایکان دەسوتێ، پێش ئەوەی منداڵان ئاگادار بکەنەوە بە شۆفل دیوارەکە دەڕوخێنن، کوڕەکەم هێشتا بچوک بوو،بەس لەبەر ئەوەی کورد بوو کوشتیان."
موزەیای جگەر سوتاو لە کۆتاییشدا وتی: "پرسیارمان لێدەکەن کە بۆچی منداڵەکانتان نانێرن بۆ خوێندنگە؟ چۆن بیاننێرین، ئەوە نیە دەیانکوژن، دوای ئەوەی دیواریان بەسەرمنداڵەکان هەڵوەشاندەوە ویتسمان بچین تەرمی ڕۆڵەکانمان لەژێر دیوار دەربێنین، پۆلیس ڕێگەی پێنەداین و هەموومانی دایە بەردەستڕێژی گولـلە."
(ش ب)