دوای کۆڕەو کۆچی نەبڕاوەی گەلێک
09:27
شەنگار برادۆست/ژنها
سلێمانی- سەرەتای ئەم مانگە ٢٥ساڵ بەسەر کارەساتی كۆڕەوی گەلی كورد لە باشوری كوردستان تێدەپەڕێت، كە تیادا زیاتر لە یەك ملیۆن كەس لە دەست زوڵم و زۆری رژێمی بەعس بەرەو چیاكان و لەوێشەوە بەرەو پارچەکانی تری کوردستان و وڵاتانی دراوسێ ئاوارەبوون.
مانگی ئادار، مانگی ئاوێتەبونی سەركەوتن و نەهامەتی یان وەك ئەوەی پێشینان دەڵێن مانگی شایی و شینی كوردە، سەرەتاكانی مانگی ئاداری ساڵی (١٩٩١) بەڕاپەرین و بە سەركەوتنی گەلی كورد دەستی پێكرد، كە تیایدا بەشێكی زۆر لە خاكی باشوری كوردستان بەكەركوک و دەوروبەریشیەوە، تا نزیك كۆتایی ئەو مانگە لە دەستی رژێمی بەعسی لەناوچوو رزگاركران، لەدواین رۆژی مانگی ئاداریشدا سەرەتایەكی دیكە لە نەهامەتیەكانی گەلی كورد دەستیپێكرد، ئەویش کۆڕەو یان کۆچی کوردان بوو.
بەر لە كۆڕەوەکەی گەلی كورد و دوای ئەوەی رژێمی ڕووخاوی بەعس شكستی هێنا لە داگیركردنی وڵاتی كوەیت و وڵاتانی هاوپەیمانان ناچاریان كرد پاشەکشە بکات لەو وڵاتە، هێزەكانی سوپای عێراق دەستیكرد بە سەركوتكردنی راپەڕینەكەی باشوری عێراق و دواتریش پەلی هاویشت بەرە و هەرێمی كوردستان، تاوەكو ئەو ناوچانەی لە راپەڕیندا لە دەستیدابوو، كۆنتڕۆڵی بكاتەوە.
کۆڕەوی گەلێک دەستی پێکرد کە بە درێژایی مێژوو لە ناو کۆچ و نەهامەتی و دەربەدەری ژیاوە، کۆڕەو واتا ئەو ڕۆژە سەختانەی کە هەرگیز لە سەر مێژووی ئەم جوگرافیایە ناسڕێنەوە، سەختی كۆچكردنەكە و بڕینی دەیان كیلۆمەتر بەپێی و خراپی كەشوهەوا و برسێتی، رۆژانە دەیان هاوڵاتی دەكردە قوربانی، كە بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و رێكخراوەكانی هاوكاریی مرۆیی، رۆژانە لەو كۆڕەوەدا لە نێوان سەد بۆ پێنج سەد هاوڵاتی كورد گیانیان لەدەست دەدا.
كۆڕەوی مليۆنی گەلی كورد لە جیهان دەنگی دایەوە ، کاریگەری کردە سەر هەموو ئەو کەسانەی کە تەنانەت گەلی کوردیشیان نەدەناسی، دوای ئەوەی کۆڕەو هەڕ ڕۆژ بەرفراوانتر دەبوو و ژمارەی قوربانیان زیاتر دەبوو، ئیتر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زلهێزەكانی جیهان نەیانتوانی لە ئاست ئەو تراژیدیا مرۆییە بێدەنگ بن و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و یەکێتی ئەوروپاو چەندین وڵاتیتر هاتنەدەنگ، بەڵام هیچ لەو بڕیارانەی لەوکاتە بەرامبەر بە عێراق و وڵاتانی ناوچەکە گیران نەیانتوانی زامەکانی گەلی کورد لە باشوری کوردستان ساڕێژ بکەن، چونکە بەرلە کوردان بەرژەوەندی خۆیان بەبنەما دەگرت.
بەپێی ئامارەكان و پێشبینییەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ كاروباری پەنابەران و بەپێی لێکدانەوەی سەرژمێری ئەو کات، لەو كۆڕەوەدا نزیكەی حەوسەد و پەنجا هەزار هاوڵاتی باشوری كوردستان رویان لە سنورەكانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران كرد و جگە لەوەش دو سەد و (80) هەزار كورد ئاوارەی باکوری کوردستان و توركیا و سێ سەد هەزار كوردی دیكەش لەسەر سنورەكانی نێوان باشور-باکوری کوردستان مانەوە.
کۆڕەو، یان کۆچی کوردان لە بەهاری ١٩٩١، تراژیدیایەكی گەورەی جیهانی لێكەوتەوە، هاوڵاتیان لەناو سەختترین هەلومەرجی ژیان، لەناو كەشوهەوایەكی ساردو جەستەیەكی شەكەت،زێدی خۆیان جێهێشت، سەرەڕای ئە هەموو نەهامەتیەش فڕۆكەكانی ڕژێمی عێراق بۆردومانی دەكردنو دەوڵەتی توركیاش سنورەكانی بەڕووی هاوڵاتیان داخست بوو. بەوهۆیەوە ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان گیانیان لەدەستدا، بەسەدان كەسیش لە برسان مردن.
هەرچەند ٢٥ساڵ بەسەر کۆڕەوە مێژووی و کارەساتە لە یادنەکراوەکەی گەلی کورددا تێدەپەڕێت، بەڵام بە هەمان ڕێگە و سنورەکاندا بە هۆی، بێکاری، نەبوونی دیموکراسی، نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین، نەبوونی سیستەمێکی چارەسەری، بەهۆی ڕوانینی تەسک و بیروشکی دەسەڵاتدان، کۆڕەوێکی بێدەنگ و مەترسیدار بەردەوامە.
کاتێک لە دەریا ئەیجە و لە دوورگەکاندا ڕووداو مەرگ و تەرمی ڕۆڵەکانی گەلی کورد دەکرێن بە مانشێتی هەواڵە لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکانی جیهان هەمان کارەساتی ١٩٩١ ی کۆڕەوم بیردێتەوە، پێم وایە ئەنجامی یەک سیاسەتی چەوت و دژەکوردە.
(ش ب)