ژنانی بەندکراو: لە بەرامبەر فشارەکانی دەوڵەت بەرخۆدانی دەکەین
10:18
ژنها
ئێلح- گیراوانی سیاسی ژن لە گرتووخانەی شاری ئێلح لە نامەیەکیاندا ڕایدەگەیەنن کە فشارو کردەوەی نامرۆڤانە لە بەرامبەر گیراوان لە گرتوخانەکانی کوردستان و تورکیا زیادی کردوە.
ڕۆژبەڕۆژ فشاری سەر گیراوانی سیاسی لە گرتووخانەکانی باکوری کوردستان و تورکیا زیاتر دەبێت، گیراوانی ژن لە گرتووخانەی پیتی(F) ی شاری ئێلح سەبارەت بە دۆخی گیراوان لە گرتوخانەکاندا پەیامێکیان ئاراستەی ڕای گشتی کردوە، لە پەیامەکەیاندا ئاماژە بەوە دەکەن کە دوای هێرش و کۆمەڵکوژیەکان لە باکوری کوردستان لە گرتوخانەکاندا بەکارهێنانی توندوتیژی و فشار زیادی کردوە.
دەقی پەیامی گیراوانی ژن لە گرتوخانەی ئێلح:
"ئێمە وەک گیراونی پارتی ئازادی ژنانی کوردستان(PAJK) لە گرتوخانەکانی تورکیا و باکوری کوردستان دەبینە قوربانی شەرو فشار و کردەوەی نامرۆڤانە، هەموو ڕۆژێک بەبیانووی جۆراو جۆر لێپێچینەوەمان لەگەڵ دەکەن، کاربەدەستانی گرتوخانە پێمان دەڵێن؛ 'ئەگەر لەکاتی لێپێچینەوەدا بە تورکی قسەنەکەن ئەوا هەڵوێستیان جیا دەبێت'، ١٢رۆژ پێش ئێستا هەڵیانکوتایە سەر ژوری گیراون و هەموو شتێکیان پشکنی، چەندین جارە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە هەڵسوکەوتمان لەگەڵ دەکەن، ئەو گۆڤارانەی کە هاوڕێکانمان لە دەرەوە بۆمان دێنن لێمان دەستێنن و دەیخوێننەوە جاری واش هەیە نامان دەنەوە. ئەوەی دەکرێت بە ئامانجی شکاندنی ئیرادەی تاکەکانمان دەکرێت، بێرێزی بەرامبەر بەها مرۆییەکانمان دەکرێت، بەڵام ئێمە وەک گیراوانی کەیسی پارتی ئازادی ژنانی کوردستان بەردەوام دەبین لە تێکۆشان و بەرخۆدانی خۆمان، لەبەرامبەر هەموو جۆرە سیاسەتێکی نکوڵی و لەنێوبردن دەوەستینەوە و پەرە بە تێکۆشان دەدەین."
(ش ب)