ئەفغانستان؛ ژنانی ڕاگەیاندنکار لەبەرامبەر سیستەمی دەسەڵاتداری تێدەکۆشن

12:44

ژنها

ناوەندی هەواڵ- لە وڵاتی ئەفغانستان سەرەڕای زاڵبوونی ئەقڵیەتی کۆنەپەرستی دەسەڵاتداری ١٢پەیامنێری ژن بەشدارییان کردوە لە خولێکی فێربوونی ڕۆژنامەگەری، ئەو ژنانە یەکەمین هەواڵیان لەسەر ژنانی وڵاتەکەیان دەبێت و ڕایانگەیاند کە لەپێناو بەدیهێنانی مافەکانیان تێدەکۆشن.

بەگوێرەی هەواڵی Huffingtonpost.com، ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی خولێکی پێگەیاندنی ڕۆژنامەوانی بۆ ژنان لە وڵاتی ئەفغانستان کردۆتەوە کە ١٢ ژن تیادا بەشدارن، دوای حەفتەیەک ژنان بڕیاریانداوە کە یەکەمین هەواڵیان لەسەر ژنانی وڵاتەکەیان بێت لە ژێر ناوی"سەحەر دەدوێت" بێت و باس لە ڕۆڵی ژنانی ئەفغان لە ڕۆژنامەگەری ئەو وڵاتەدا بکەن. ژنانی بەشداربووی خولەکە کە پێشتر پیشەی پەیامنێریای کردوە ڕایانگەیاند کە کەس نازانێت ئاخۆ ژنان ڕووبەڕووی چ زەحمەتیەک دەبنەوە.

زۆربەی ئەو ژنانە تەمەنیان لە نێوان ١٨- بۆ ٣١ ساڵیدایە، ژنان ڕاشیدەگەیەنن کە دەیانەوێت ڕەنگی ڕۆژنامەگەری ژنانی ئەفغان لە جیهان ببینرێت و ئەوان بە حەماسەتەوە کار بۆ ئەوە دەکەن.

لەو وڵاتە ژنان پێشتر لەلایەن تاڵیبانەوە خوێندنیان لێ قەدەغە کرابوو، ئێستاش بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی کۆنەپەرستی دەسەڵاتداری ژنان ڕووبەڕووی گرفتی زۆر دەبنەوە لە کارکردن و خوێندندا. رۆژنامەوانی ئوستراڵی دانیال مۆیلان لە بەرنامەیەکی پەروەردەیدا باس لە ئەقڵیەتی ڕەگەز پەرستی دەکات و دەڵێت: "ژنان و پیاوانی ئەفغانستان ناتوانن لەگەڵ یەکتر قسەبکەن، ئەمەش ئەنجامی ئەقڵیەتی کۆنەپەرست و ڕەگەزپەرستیە، کە تائێستا لەو وڵاتەدا ژنان بەهۆیەوە دەبنە قوربانی."

(ش ب)