هەیفا عەبدوڵا وەک هاوسەرۆکی نوێی کانتۆنی جزیرە هەڵبژێردرا
16:51
ژنها
عامودە- دوای ئەوەی هەدیە یوسف بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک هەڵبژێڕدرا، ئەمڕۆ لە شاری عامودە هەیفا عەبدوڵا وەک هاوسەرۆکی کانتۆنی جزیرە لەلایەن ئەنجومەنی یاسا دانان هەڵبژێردرا.
لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی بونیادنانی سیستەمی فیدرالی بۆ سوریا، کە لە ١٦-١٧ی مانگی ڕابردوو لە ڕمێلان سازکرا، هەدیە یوسف هاوسەرۆکی کانتۆنی جزیرە وەک هاوسەرۆکی ئەنجومەنەکە هەڵبژێردرابوو. دوابەدوای ئەوە بۆ دیارکردنی هاوسەرۆکی نوێی کانتۆنی جزیرە، بە گوێرەی خاڵی ٥٤ لە یاسای هاوپەیمانی کۆمەڵگەی خۆبەڕێوەبەری دەستکرا بە ئامادەکاری، بەگوێرەی ئەوەش ڕۆژانی ٢١ -٣١ی مانگی ڕابردوو دیار کرابوو بۆ سەردانی خۆ تۆمارکردن لە بارەگای خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی بۆ ئەو کەسانەی کە بیانەوێت خۆیان هەڵبژێرن بەپێی مەرجی دیاریکراو.
لەو نێوەندەدا هەیفا عەبدوڵا عەرەبۆ خۆی بۆ ئەو پۆستە پێشنیار کردووە، دوای تەواو بوونی کاروباری یاسایی ئەمڕۆ لە دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی یاساداناندا ناوبراو بە زۆرینەی دەنگ وەک هاوسەرۆکی نوێی کانتۆنی جزیرە هەڵبژێردرا.
دوای هەڵبژاردنی هەیفا عەبدوڵا عەرەبۆ، وتەیەکی پێشکەش کردو ڕایگەیاند کە ئەو بەڵێن دەدات کە بەهەموو شێوەیەک لە خزمەتی گەلانی ڕۆژئاوا دا کار بکات، دواتریش ناوبراو سوێندی یاسایی خوارد.
(ش ب)