هاوڵاتیانی بەڕازیل بەدروشمی 'نا بۆ کودەتا' ڕژانە شەقام
09:18
ژنها
ناوەندی هەواڵ- لەبەرامبەر هەرەشەی کودەتا بەرامبەر سەرۆک کۆماری بەڕازیل هاوڵاتیانی بەڕازیل ڕژانە شەقامەکان.
خۆپیشاندانی ئاشتیانە لە ٣١ شاری وڵاتی بەڕازیل بۆ پشتیوانی لە 'دیلمان ڤانا رەوسەف' سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە دەستی پێکرد و هاوڵاتیان بەرامبەر هەڵوێستی دژبەرانی سەرۆک کۆمارەکەیان ناڕەزاییان دەربڕی.
لە خۆپیشاندانێک کە بەهەزاران هاوڵاتی بەشداریان کرد، بە دروشمی "نا بۆ کودەتا" بەرامبەر بە دژبەرانی 'دیلمان ڤانا رەوسەف' سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، ناڕەزاییان دەربڕی، بەهەزاران سیاسەتمەدار، ئابوریناس، ڕۆشنبیر و هونەرمەند ڕایانگەیاند: کە دژبەران دەیانەوێت بە چەواشەکردن سەرۆک کۆمار لە ئەرک بخەن، ئەوەش کودەتایە و قبوڵ ناکرێت.
دژبەرانی سەرۆک کۆمار پێشنیازی لە سەرکارلابردنی سەرۆک کۆماریان پێشکەش بە پەڕلەمان کرد و بڕیارە کۆمسیۆنی پەیوەندیدار ڕۆژی سێشەمە وەڵامی داواکاریەکە بداتەوە، بۆ ئەوەی دیلمان لە سەرکار لابدرێت پێویستە ٢/٣دەنگەکان بەدەست بێنن.
دیلمان ڤانا رۆسەف، ژنە سیاسەتمەدار، ئابوریناس، بەڕەگەز بولغاریە و لە ساڵی ١٩٩٣-١٩٩٤ دەبێتە وەزیری وزە و ڕاگەیاندن لە دەوڵەت. ناوبراو لە ساڵی ٢٠٠٢دا جارێکیتر لە هەڵبژاردنەکانی حکومەتی فیدراڵی سیلیڤیا وەک وەزیری وزە هەڵدەبژێردرێت، هەروەها لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٠دا بۆ کاندیدی سەرۆک کۆماری بەڕازیل دیارکرا.
لە ١-١-٢٠١١دا وەک یەکەم سەرۆک کۆماری ژن لەو وڵاتە بەزۆرینەی دەنگ هەڵبژێردرا، هەروەها لە دووەمین خولی هەڵبژاردنی ٢٦-١٠-٢٠١٤دا دیلمان ڤانا رۆسەف بۆ جاری دووەم بە زۆرینەی دەنگ وەک سەرۆک کۆماری وڵاتی بەڕازیل هەڵبژێردرایەوە.
(ش ب)