ئەنجومەنی ژنانی ئێزدی: هەبوونی رێبەر ئاپۆ هەبوونی ئێمەیە

09:19

ژیندا ئاسمین/ژنها

شەنگال-نەعام ئەلیاس، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی ئێزدی لە شەنگال، بەبۆنەی ساڵ ڕۆژی لە دایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە پیرۆزبایی لە گەلی کورد کرد و رایگەیاند کە ئەوان وەک ژنان بە ئایدۆلۆژیای ئۆجالانەوە هەبوونی خۆیانیان ناسیوە.

٦٧مین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، لە چیای شەنگال بە چەندین چالاکی جۆراو جۆر پیرۆزدەکرێت، هەرەها نەعام ئەلیاس ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی ئێزیدی سەربارەت بە گرنگی و واتای ئەو ڕۆژە بۆ ژنها دوا و ئەو ڕۆژەی بە ڕۆژێکی زێرینی مێژووی مرۆڤایەتی ناوزەندکرد.

نەعام ئەلیاس، سەرەتا ئەو ڕۆژەی لە گەلی کورد پیرۆز کرد، وتی: "هەمیشە هەڵگری هزر و فەلسەفەی ڕێبەرەکەمانین، ڕێبەر ئاپۆ ڕێبەری گەلانی ژێردەست و چەوساوەیە، لە سەرتاسەری جیهان گەلان شەیدای ڕێبازی سەرکەوتوی ڕێبەر ئاپۆن، ڕێبەر ئاپۆ هەوڵ و ڕەنجێکی زۆری داوە بۆ ئەوەی ژنان لەو ژیانەی کە کۆیلایەتی و بەکاڵاکردنی ژن دەسەپێنێت ڕزگار بکات، ڕێبەر ئاپۆ بە باوەڕی ئازادی ژنان ئە‌قڵیەتی کۆنەپەرستی کۆمەڵگەی گۆڕی، ئێستا ئەو ژنانەی کە چەکی شەرەف هەڵدەگرن و یان ئەو ژنانەی لە مەیدانی سیاسیدا تێکۆشاندەکەن، هەمووی لەسایەی ڕەنجی ڕێبەر ئاپۆیە."

ناوبراو جەختیشی کردوە: "ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ نەبوایە یەک ئێزیدیش لە شەنگال ڕزگاری نەدەبوو، ئێمە لە چیای شەنگال رووبەڕووی کۆمەڵکوژیەکی گەورە هاتبووین، بەڵام شەرڤان و گەریلاکانی ئازادی وەک فریادڕەس بە هانامانەوە هاتن، ئێستاش لەسایەی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجومەنی ژنانی شەنگال، یەکینەکانی ژنانی شەنگال (یەژەشە) و و چەندین دەزگاو کۆمەڵەمان سازکردوە.

نەعام ئەلیاس، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی ئێزدی لە شەنگال، لە کۆتایشدا یەکێک لە وتەکانی ڕێبەری پەکەکەی بیرخستەوە و وتی: "ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت؛ 'تا ژنان ئازاد نەبن کۆمەڵگەش ئازاد نابێت' شەنگال بەو باوەریە زۆر ژن و منداڵی لەدەست چەتەکانی داعش ڕزگارکرد، لە کۆتاییدا جارێکیتر ئەو ڕۆژە لە هەموو گەلان و لە ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەم، دەڵێم؛ بێ ڕێبەر ئاپۆ ژیان نابێت، بژی ڕێبەر ئاپۆ، ژن ژیان ئازادی."

(ش ب)