پەیەدە، ڕفاندنی بێریڤان زین لەلایەن ئاسایشی پارتیەوە ئیدانە دەکات
14:48
ژنها
ناوەندی هەواڵ- نوێنەرایەتی پەیەدە لە هەرێمی کوردستان ڕفاندنی چالاکوانی ژنان بێریڤان زین لەهەولێر شەرمەزار دەکات و داوا لە لایەنە یاساییەکان دەکات بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی ناوبراو و چارەنوسی بکەن.
ماوەی هەفتەیەکە چالاکوانی ژنان بێریڤان زین خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن چەکدارانی سەربەپارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە لەهەولێر ڕفێندراوە و تا ئێستا بێسەروشوێنە.
دەستگیرکردنی بێهۆی ئەو چالاکوانە ژنە لەلایەن چەکدارانی پارتیەوە کاردانەوەی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) ی لێکەوتەوە، بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندیەکانی پەیەدە لە باشوی کوردستان ڕایگەیاندوە کە ئەو هەڵسوکەوتە ناڕەوایەی لەهەولێر ئەنجام دەدرێت، بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت و پێچەوانەی هەموو بەها مرۆییەکانیشە.
هەروەها ڕادەگەیەنێت: "ئەو چالاکوانە ژنە لە ئەوروپاوە گەڕاوەتەوە و بەنیازبووە سەردانی کەسوکارەکەی بکات لە ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ ئەوە نەهاتوەتەوە بێسەروشوێنی بکەن".
بۆئەوەش ناوبراو داوای لە ڕیکخراوە مەدەنی و مرۆڤدۆستەکان کرد کە بەدواداچوون بۆ چارەنوسی بێریڤان زین بکەن و بێهەڵوێست نەبن بەرامبەر ئەو سیاسەتە ناڕەوایە و گوشار بۆ دەسەڵاتدارانی هەولێر بەرن تا ئازادی بکەن و هۆکاری ڕفاندنەکەشی ئاشکرا بکەن.
هێژای باسە هەفتەیەک بەرلەئێستا بەنیازی گەڕانەوە بۆ ڕۆژئاوا و سەردانی کەسوکارەکەی بێریڤان زین چالاکوانی ژنان و ئەندامی ڕێکخراوی خێرخوازی مانگی سوور و هاوڵاتی ڕۆژئاوا کوردستان لەئەڵمانیاوە گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام پارتی وێڕای ئەوەی ڕێگەی نەداوە بپەڕێتەوە ڕۆژئاوا ڕفاندویانە و تائێستا بێسەروشوێنە.
(ش ب)