ئاشکرا بوونی گەورەترین باندی بازرگانی کردن بە کچانی سوریاوە
09:44
ژنها
ناوەندی هەواڵ- هێزە ئەمنیەکانى لوبنان رایانگەیاند دەستیان گرتووە بەسەر گەورەترین تۆڕى بازرگانى کردن بە ژنان لە ماوەى حەوت ساڵى رابردوودا کە زۆربەى قوربانییەکان ژنانى سوریا بوون.
لە بەیاننامەیەکدا هێزە ئەمنییەکانى لوبنان ڕایدەگەیەنن، لە چوارچێوەى چالاکییەکى ئەمنى تایبەتدا ناسنامەى گروپێکیان ئاشکرا کردووە، کە مەترسیدارترین تۆڕى بازرگانى کردن بوون بە مرۆڤەوە لە لوبنان و دەستگیرکراون لە گەڕەکى جونییە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، کە 75 کچ ئازادکراون، کە زۆربەیان هاووڵاتى سوورى بوون و لە ماڵێکى لەشفرۆشیی لە ناوچەى جونییەى باکورى بەیروت چەند ساڵە هێڵدرابووەنەوە.
بەیاننامەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ئەو کچانە ڕووبەڕووى لێدان و ئازارى دەروونى و جەستەى بوونەتەوە و ناچارکراون، کە لەشفرۆشیى بکەن لەژێر هەڕەشەدا بەتایبەت بە هەڕەشەى بڵاوکردنەوەى وێنە ڕووتەکانیان
.
بە وتەى سەرچاوە ئەمنییەکان تۆڕەکە بە لایەنى کەم لە 18 کەس پێکهاتوون، کە هەستاون بە بازرگانى کردن بە مرۆڤەوە لە لوبنان نەک تەنیا لەشفرۆشى.
بەرێوەبەرى هۆبەى پەیوەندییە گشتییەکانى هێزەکانى ناوخۆى لوبنان بە ڕۆژنامەى عەرەبى جدیدى ڕاگەیاندووە: پێشتر گرووپى بچوکى بازرگانیکردن بە مرۆڤیان دەستگیرکردووە، بەڵام ئەوە یەکەمین جارە گروپێکى ئاوا گەورە دەستگیر بکرێت.
بەپێى ڕۆژنامەکە تەنیا دوو پیاوى سوورى کاریان هێنانى کچان بووە لە سوریاوە، ئەو پیاوانە بە ئۆتۆمبێلى گران بەها چوونەتە سوریا و بە کچەکانیان وتووە، کە ئەوان خاوەنى ڕیستۆرانتى دەوڵەمەندن لە بەیروت و دەیانەوێت کاریان بۆ بکەن.
ئەو پیاوانە دەست بەجێ هەموو پاسپۆرت و ناسنامە و تەلەفونى شەخسیى و پێویستیەکانیان بۆ قوربانییەکان دابین کردووە و زیاتر هانیان داون لەگەڵیان بڕۆن.
بەپێى بەڵگەکان ئەو گروپە پابەندنەبوون بە فرۆشتنى کچەکان تەنیا بە یەک گروپ بەڵکو لەگەڵ گروپى تریشدا بازرگانیان پێوەکردوون و نرخى کچەکان گەیشتووەتە دوو هەزار دۆلارى ئەمریکى 'بیست وەرەقە'.
فرۆشیارەکان بۆ ئەوەى کچەکان ناچار بە کارەکە بکەن و بەنرخێکى باش بیان فرۆشن نزیکەى چوار مانگ کچەکانیان خستووەتە ژێر گوشارى دەروونى و جەستەیی.
بەرێوەبەرى بەشى پەیوەندییەکانى هێزەکانى ناوخۆى لوبنان، ئاشکراشى کردووە، کە دکتۆرێکیان دەستگیرکردووە، کە لەگەڵ ئەو گروپەدا کارى کردووە و هەستاوە بە لەباربردنى منداڵان، دکتۆرەکە دانى ناوە بەوەدا، کە لەماوەى 2 ساڵدا 200 نەشتەرگەرى لە باربردنى بۆ ئەو کچانە کردووە، کە گروپەکە کارى پێکردوون.
ئاشکراشى کردووە کچەکان ناچارکراون پەیوەندى سێکسى ئەنجام بدەن بێ لە بەرچاوگرتنى هیچ هۆیەکى خۆپارێزى و بەو هۆیەشەوە کچەکان لەژێر مەترسى توشبووندا بوون بە نەخۆشیە سێکسەکان.
هەروەک دانى ناوە بەوەدا، کە هەندێک لە باربردنەکان تاوانکارانە بووە، بەشێوەیەک بۆ ئەوەى کەمترین تێچوونى هەبێت، بەهێزێکى زۆر گورزێکیان لە سکى ئەو ژنانە داوە، کە دوو گیان بوون و بۆ ئەوەى منداڵەکە لە سکى دایکیدا بمرێت.
هەروەها 5 پاسەوانى گروپەکەش دەسگیرکراون.
گروپەکە بەشێوەیەکى بچوک لەدواى 2011 درووست بووە. بەڵام بەپێى تێپەڕینى کات و بەهۆى خراپبوونى بارودۆخى ئەمنى و ئابوورى سوریاوە گەورەتر بووە.
کچەکان ماوەى 20 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا کاریان پێکراوە. ناچارکراون لە کاتژمێر 10ـى بەیانییەوە تا کاتژمێر 6ـى بەیانى کاربکەن و هەر ژنێک ناچارکراوە ڕۆژانە لەگەڵ 10 کڕیار سەرجێى بکات و ڕۆژانى پشووى کۆتایی هەفتەش ئەو ژمارەیە گەیشتووەتە 20 کەس، هەر کاتێکیش ژنەکان ناڕەزاییان نیشان دابێت لەلایەن مافیاکانەوە لێییان دراوە.
مافیاکان لەبەرامبەردا 33 دۆلارى ئەمریکیان لە کڕیارەکان وەرگرتووە بۆ هەر چارەکە سەعاتێک، بۆ ساعاتێکیش 66 دۆلار بووە.
ژنەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئەگەر موشتەرییەک زیاتر لە چارەکە سەعاتێک نەمایەتەوە، ئەوە لەلایەن مافیاکانەوە وا لێکدەدرایەوە، کە ژنەکە وەک پێویست گرنگى بە کریارەکە نەداوە.
لەکاتێکیشدا لەشکڕێک سکاڵای لە خزمەتکردنى هەبووایە لەلایەن یەکێک لە ژنەکانەوە ئەوا لەلایەن مافیاکانەوە بە قامچى لێى دەدرا.
جگەلەوە، مافیاکان لەنێو کچەکاندا سیخوریان داناوە، کارى ئەوان گواستنەوەى زانیارى بووە بۆ مافیاکان بەتایبەت سەبارەت بە هەوڵ و بیرکردنەوەى کچەکان بۆ راکردن و سەرپێچى لە بڕیارەکان. تەنانەت کڕیارى وەهمیشیان ناردووەتە لاى ئەو کچانەى کە گومانیان لێیان هەبووە.
(ش ب)