ژنێک منداڵەکانی لە هاوژینەکەی کڕیەوە

09:45

ژنها

ناوەندی هەواڵ- پەریزا ڕەحمانی یەکێک لە ناودارترین چالاکانی ژن لە ئەفغانستان، بۆ پاراستنی مافی دایکایەتی، سێ منداڵەکەی بە نرخی یەک ملیۆن و شەش سەد هەزار (دراوی ئەفغانی) لە هاوسەری پێشووی کڕیەوە.

ئەم ژنە زەحمەتکێش و ڕەنج دیدەیە حەوت ساڵ لەگەڵ هاوسەرەکەی بەسەر بردووە. سێ ساڵیش بەتەنهایی چاودێری منداڵەکانی کردووە؛ چونکە هاوسەرەکەی دەستی لێ بەردابوون. ئەو دەڵێ لە سێ ساڵی کۆتایی ژیانی هاوبەشیاندا، هاوسەرەکەی نەک هەر هەواڵی ئەوانی نەپرسیوە، بەڵکو خەرجی خۆی و سێ منداڵەکەشی دابین نەکردووە.

پەریزا کاتێ کە لەتەمەنێکی منداڵیدا دەبێت بەزۆر بە شوو دەدرێت و لە تەمەنی نەوجەوانیدا دەبێتە دایک. دوای ئەوەی کە سێهەمین منداڵی دێتە دونیاوە ئیتر هەستی هاوسەرەکەی بەرامبەر ئەو و ژیانی هاوبەشیان دەگۆڕێت. دواتر پەریزا تێدەگات کە هاوسەرەکەی نایەوێ درێژە بە ژیانی هاوبەشیان بدات.

بەو حاڵەشەوە سێ ساڵی لەگەڵ منداڵەکانی و بەبێ هاوژینەکەی بەسەربرد تا ئەوەی کە بڕیاری کۆتایی بۆ جیابوونەوە دەدات. بەڵام بنەماڵەی پەریزا زۆر بە توندی ئەم بڕیارەی کچەکەیان ڕەد دەکەنەوەو دەڵێن:" چاوپۆشی لە مردن و ژیانت دەکەین بەڵام ڕێگا نادەین تەڵاق وەرگری و جیا بیتەوە."

دوای ئەم هەڵوێستەی بنەماڵەکەی، پەریزا لەماڵی باوکیشی دەڕوات و لە خانوویەکی کرێدا لەگەڵ منداڵەکانی ژیانێکی نوێ دەست پێ دەکەن. لەکاتی کردنەوەی دۆسیەی جیابوونەوەدا، بنەماڵەکەی بەرگری لە مافەکانی دەکەن و لە دانیشتنەکانی دادگادا ئامادە دەبن. پەریزا بەهۆی ئەوەی کە دوو منداڵی کچن و کوڕەکەشی زۆر بچوکە داوا دەکات سەرپەرشتی منداڵەکانی بگرێتە ئەستۆ. لەلایەکی ترەوە بنەماڵەی هاوسەری پەریزا کوڕەکەیان ئاگادار دەکەنەوە کە بە ئومیدی ئەوەی منداڵەکانی بۆ بەخێو بکەن لە دایکیان جیایان نەکاتەوە، چونکە ئەوان منداڵەکان ناگرنە خۆیان.

دوای بێنەو بەرەیەکی زۆر، هاوسەری پەریزا لە جیاتی پێدانی مافی سەرپەرشتیاری، داوای یەک ملیۆن و شەش سەد هەزار پارەی ئەفغانی دەکات. پەریزاش خانوەکەی دەخاتە ڕەهنی بانکێک و بەم شێوەیە پارەکە ئامادە دەکات و منداڵەکانی دەکڕێتەوە.

پەریزا ڕەحمانی چالاکی مافەکانی خێزان و منداڵان دەڵێت ئێستا پێویستە زیاتر لە جاران ئاگاداری منداڵەکانی بێت و هەوڵ بدات ئایندەیەکی ڕوناکیان بۆ دەستەبەر بکات.

س؛ سایتی "سلام‌وطندار"

(ش ب)