حەسەکە؛ یەکەمین فەوجی هێزی پاراستنی جەوهەری ژنان کرایەوە

15:08

ژنها

حەسەکە- یەکەمین فەوجی هێزەکانی پاراستنی جەوهەری ژنان بە مەراسیمێک لە شاری حەسەکە کرایەوە.

ئەمڕۆ دووشەمە٤-٤-٢٠١٦ بەمەراسیمێکی سەربازی یەکەمین فەوجی هێزی پاراستنی جەوهەری ژنان (هەپەجە-ژن) بەناوی شەهید ئارژین، لە شاری حەسەکەی کانتۆنی جزیرەی ڕۆژئاوای کوردستان کرایەوە.

ناوی فەوجەکە بەناوی حەمرین حەسۆ ناسراو بە ئارژین مەزلوم شەرڤانی 'یەپەژە' کە لە ١٩-٨-٢٠١٤ لە شارۆچکەی 'گرکێ لەگێ' گیانی بەختکردبوو. لەمەراسیمەکەدا بێریڤان مستەفا فەرماندەی (هەپەجە-ژن) وتەیەکی پێشکەش کرد، بێریڤان سەرەتا ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری پەکەکەی لە هەموو ئامادەبووان پیرۆزکرد و ڕایگەیاند کە ئۆجەلان تەوقی کۆیلایەتی پچڕاندووە و چیتر گەلی کورد نۆکەری بۆ دوژمنان ناکات.

فەرماندە بێریڤان وتی: "گەلانی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە هێرشی چەتەکان بەرخۆدانیێکی بێوێنەیان تۆمارکردوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا." پاشان لە مەراسیمەکەدا چەندین وتەی ڕێکخراو و پارتیەکان پێشکەش کران.

دواتر شانۆیەک لەسەر مافی ژنان پێشکەش بە ئامادەبووان کرا و بارەگای فەوجی (هەپەجە-ژن) لەلایەن دایکی شەهید ئارژین مەزلوم شەرڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان(یەپەژە) کرایەوە.

فەوجی ژنان پێکهاتووە لە ژنانی کورد و عەرەب لەشاری حەسەکە.

(ش ب)