"ژنۆلۆژی پێویستیەکە بۆ ژنانی جیهان"
10:21
ژنها
ناوەندی هەواڵ- لە شارۆچکەی کۆبلنزی ئەڵمانیا، ژمارەیەک لە ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبونەوە و گفتوگۆ و پەروەردە لەسەر بابەتەکانی مێژووی ژن، مێژووی ژنی کورد و ژنۆلۆژی و کرا.
بۆ ماوەی سێ رۆژ که له رۆژی شهممهوه دهستپیکرد و دوێنێ دوو شهممه به کۆتا هات، لە بارەگای ژوانی ژنان ئوتامارا کە لە شارۆچکەی کۆبلنزی ئەڵمانیا، ژمارەیەک لە ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبونەوە و گفتوگۆ و پەروەردە لەسەر بابەتەکانی مێژووی ژن ، مێژووی ژنی کورد و ژنۆلۆژی و گرنگی پەروەردە درا ، لە میانەی پەروەردەکەدا فیلم و بەڵگەفیلم نیشاندرا.
پەروەردەکە لە لایەن نەجیبە قەرەداغی، رۆژنامەوان و چالاکی بواری ژنان و لەیلا عەبدەوی، ئەندامی بەڕێوبەرایەتی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی کوردستان (کەژار) بهڕێوهبرا و تیایدا هەم لانی تیۆری و هەم ئەزمونی تێکۆشانی ژنان لە کوردستان و جیهان دا باسکرا.
هەروەها ژنانی ئامادە گفتوگۆیان لەسەر کێشەکانی ژنان وڕێگا چارەکان کرد چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی کوردستان، بە تایبەتی ژیان و گوزەران و کێشەی ئەو ژنانەی کە بەهۆی هۆکاری سیاسی و کۆمەلایەتیەوە ناچاری کۆچبەری بوون.
ژنان لە پەروەردەکەدا پێیان وابوو کە بابەتەکانی پەروەردە بۆ ئەوان زۆر نوێ بووە، لە پەروەردەی سیستەمدا نەک هەر باسی ئەو بابەتانە نەکراوە و ناکرێ بەڵکو پەروەردەی سیستەم مێژووی مرۆڤایەتی و بە تایبەتی ژنی شێواندووە و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەو بابەت و گفتوگۆیانەی کە لە میانەی رۆژانی پەروەردەکە درا.
یەک لە بەشدارانی پەروەردەکە فایزە قادری کە لە ستۆکهۆڵمەوە هاتبوو وتی:" ژنۆلۆژی نەک تەنیا بۆ ژنی کورد بەڵکو بۆ هەموو ژنی جیهان پێویستیەکە و هیوادارین کە بتوانین لە هەموو شارەکانی وڵاتانی سکەندەنافیاش کار لەسەر بڵاوکردنەوەی بکەین، چونکە ناسینی ژنۆلۆژی سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ ژنان و داوا دەکەین کە لە جێی تر ئەو پەروەردە دووبارە ببێتەوە".
فایزە قادری، راشگەیاند: دەبێ ئەوەی لێرە فێری بووین لەگەڵ ژنانی دیکەش بەشی بکەین و رێگربین لەوەی کە ژن بەکاربهێنرێ لە کاری خراپدا بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە لە ژێر گوشار و توندوتیژی دان، دەبێ جیاوازی نەکەین کە ئەمە کوردە و ئەمە نەتەوەیەکی ترە، من گەیشتمە ئەو ئەنجام و باوەڕیەی کە ژنۆلۆژی زۆر گرنگە بۆ خۆناسین.
فایزه، وتیشی: ژن دەبێ بە هێز و توانای خۆی و بە ئیرادەی خۆی کەڵک لە زانستی ژنناسی (ژنۆلۆژی) وەرگرێ.
شیرین ئەحمەدی، یهکێکی تر بوو لهو ژنانه و لە ئەڵمانیاوە بەشداری کردبوو لەسەر خولی پەروەردەی ژنانی رۆژهەلاتی کوردستان وتی:" من تا ئێستا پەروەردەی وا بەهێزم نەبینی بوو، بەهۆی محافەزەکاری و نەریتەوە لە رۆژهەلاتی کوردستان نەمانتوانیوە ئەم پەروەردانە ببینین، ئەم پەروەردەیە زۆرێک لە تواناکانی منی زیاد کرد،هیوادارم لەوە زیاتریش بکرێ و بتوانم بەشداریبکەم.
جەمیلە کەریمی هەر لە ئەڵمانیاوە بەشداری کردبوو وتی:" زۆر شت وترا و زۆر شت فێر بووم، من پێشتر باوەڕم بەوە نەبوو کە ببمە خاوەن ئەو فکرە، گەیشتم بەو ئەنجامەی کە دەبێ باوەڕمان بە خۆمان هەبێ، باوەڕ بە هێز و توانای ژن بکەین، دەبێ هەوڵی ئەوە بدەین کە هەرچی باشتری بکەین وشتی نوێ وەرگرین، ئازاد ببین و باوەڕمان بە خۆمان هەبێ".
س:ڕۆژنیوز
(ش ب)