مزگین لە نامەیەکیدا: ئامانجیان شکاندنی ئیرادەی ئازادی ژنانە
11:03
رۆژدا ئۆغز/ژنها
وان- مزگین ئەو کچەی لە کاتی دەسبەسەر کردندا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و دەستدرێژی پۆلیسی تورک بووەوە، لە نامەیەکیدا ڕایدەگەیەنێت کە ئەو هێرشەی کراوەتە سەری هێرشێکە بەرامبەر بە تێکۆشانی ئازادی ژنان.
مزگین کرک ئاغاچ، ئەو کچە حەڤدە ساڵانەی لە کاتی چالاکیەکی ئیدانەکردندا لە شاری وانی باکوری کوردستان دەستبەسەر کراو ڕوبەڕووی دەستدرێژی و ئەشکەنجە کردن بووەوە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی تورکیاوە، پاشانیش ڕەوانەی گرتووخانە کرا، مزگین لە نامەیەکیدا کە بۆ ئاژانسەکەمانی ناردوە دەڵێت: "ئێمەی ژنان لە دێرسم و زیلان ڕووی نەفرینی سوپای تورکمان بینیوە، شایەدیمان بۆ ئەوە کردوە کە چۆن بە چەقۆ منداڵان لە سکی دایکیان دەردەهێنرێن و وێنەیان دەگیرێت، هەر بۆیە ئەو هێرشەی کرایە سەر من هێرشێکە لەبەرامبەر تێکۆشانی ئازادی ژنان و ئامانج شکاندنی ئیرادەی ئازادی ژنانی ئازادیخوازە."
مزگین لە بەردەومی نامەکەیدا دەڵێت: "کەیسی ئەو ژنانەی لە ساڵانی ١٩٨٠-١٩٩٠ لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراون، ئەوانەی دەستدرێژیان کراوەتە سەریان هەمیشە لە تاریکی ماوەتەوە، بەردەوامی ئەو هێرش و پەلامارانە بەرگەنەگرتنی دەسەڵاتداریە بەرامبەر تێکۆشانی ئازادی ژنان، ڕووتکردنەوەی جەستەی ژنان لە سەر شەقامەکان ئاستی چەپەڵی و کردارە قێزەونەکانی دەوڵەت پیشاندەدات."
مزگین لەنامەکەیدا سەرنج ڕادەکێشێتە سەر هۆکاری دەستگیرکرنی و دەڵێت: "کاتێک پەلاماریاندام، وتیان؛ ئەمە گەریلایە، هەربۆیە توندوتیژیان بەکارهێنا و منیان بەسەر زەویدا ڕاکێشا، ئازاری زۆر بە سەرم، پشتم و سنگم گەیشت، چونکە زۆریان لێدام هەتا منیان بردە گرتووخانە بەردەوام لێیاندام، پۆلیسێکی بەتەمەنی ٥٠ ساڵان بۆ ئەوەی باری دەرونیم تێک بدات کاری نەشیاوی بەرامبەر دەکردم، یەکێکیشیان لەسەر پشتم دانیشت و جنێوی ناشرینیان پێدەوتم، کاتێ منیان بردە بەڕێوەبەرایتی ئاسایش، منیان خستە ژورێک و پۆلیسێک بە کردنەوەی قایش و زنجیری پانتۆڵەکەی و هەرەشەی دەستدرێژی سێکسی لێدەکردم، بەهۆی ئەشکەنجە و گورزی لێدان خوێن ڕژاوەتە هەناوم و ئێستاش بەردەوامن لە کردەوەکانیان."
مزگین کرک ئاغاج لە کۆتاییدا سەرنج رادەکێشێتە سەر ئامانجی دەوڵەت لە ئەشکەنجەکردنی ژنان کە بەمەبەستی شکاندنی ئیرادەی ئازادی ژنان ئەو جۆرە کردەوانە ئەنجام دەدرێن، مزگین سوربونی خۆی نوسیوە لە بەردەوامبوونی تێکۆشانیدا.
(ش ب)