ساوار بەرهەمی دەستی ژنان و میوانی هەمیشەی خوانەکانمان
12:04
ژنها
ئامەد- ساوار بەرهەمی دەستی ژن ئەو خواردنەی بە درێژایی مێژوو تا ئێستاش میوانی خوانی هەموو ماڵێکە، چونکە لە ڕووی ڤیتامین و مادەی خۆراکیەوە دەوڵەمەندە، گرنگیەکی زۆری پێدراوە و هەربۆیە تا ئێستاش بەرهەم دەهێنرێت.
ساوار هیچ ماددەیەكی كیمیایی و زیادی تێناكرێت، بۆیە پێكهاتە گرنگە خۆراكییەكانی پارێزراون و بە دانەوێڵەی تەواو ئەژمار دەكرێت.
ساوار بە ریشاڵی زۆرو كاربۆهیدراتی زۆرو چەوری یەكجار كەمەوە دەبێتە خۆراكێكی سروشتی گونجاو و سەرچاوەیەكی باشی وزە، هەروەها رێژەیەكی باشی لە كۆمەڵەی ڤیتامین (B) و كانزای ئاسن و فۆسفۆرو مەنگەنیزی تێدایە.
ساوار جگە لە ریشاڵ، پۆتاسیۆم، ڤیتامین (B9)، ڕێژەیەكی بەرز لە ماددەی لیوتین لەخۆدەگرێت كە یەكێكە لەكارۆتینۆیدە دژە ئۆكسانەكان و ڕۆڵی هەیە لەپاراستنی چاوەكان لە ئاوی سپی.
لە کوردستان دا بە گشتی و بە شێوازی جۆراو جۆر لێدەنرێت و گرنگی زۆری پێدەدرێت، بۆ ئەمەش پەندێکی پێشینان هەیە دەڵێت: دوو شت کە پیرنابن ساوار و حەیرانن.
(ش ب)