"نابێت ژنێکی چالاکوان لەلایەن هێزێکی کوردیەوە بڕفێنرێت"

13:06

ژنها

هەولێر- له‌ژێر گوشارى زۆرى ئاسایشى پارتى دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر و دواى گۆڕینى شوێنى چالاکیه‌که‌یان ژماره‌یه‌ک چالاکوانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ته‌ڤگه‌رى ئازادى له‌باره‌ى ڕفاندنی چالاکوانی ژنان بێریڤان زین له‌هه‌ولێر لێدوانیاندا.

بڕیار بوو کاتژمێر ١٠ی پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ژنانی چالاکوان و ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنیەکان چالاکوانانی سیاسی، لە پارکی شانەدەر لەشاری هەولێر، بۆ ئیدانە کردنی بێشەروشوێنکردنی بێریڤان زین چالاکیەک ئەنجام بدەن، بەڵام ئاسایشی شاری هەولێر سەربە پارتی دیموکراتی کوردستان سەرجەم دەروازەکانی پارکەکەی لەڕووی چالاکوانان گرت، چالاکوانان ناچار بوون لەدەرەوەی پاڕکی شانەدەرلێدوانەکەیان ڕابگەیەنن.

عه‌لى مه‌حمود، چالاکوانى سیاسى لێدوانەکەی خوێندەوە و ڕایگەیاند: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى پارتى چه‌پى ئه‌ڵمانیا له‌هه‌موو کاره‌سات و پێویستیه‌کان له‌گه‌ڵ کورددا بووه‌، به‌ڵام ماوه‌ى 10 ڕۆژه‌ ئه‌ندامێکى ئه‌وان به‌ناوى بێریڤان زین له‌هه‌ولێر رفێنراوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ لێره‌ین بۆئه‌وه‌ى ئه‌وکاره‌ شه‌رمه‌زار بکه‌ین .

عه‌لی، وتیشى:" ویستمان چالاکیه‌کى گه‌وره‌ ئه‌نجامبده‌ن، به‌ڵام له‌لایه‌ن پۆلیس و ئاسایشى هه‌ولێره‌وه‌ ڕێگریمان لێکرا، بۆیه‌ داواده‌که‌ین چیتر پۆلیسى هه‌ولێر ڕێگرى له‌چالاکى چالاکوانان نه‌کات ".

عه‌لى مه‌حمود باسى له‌وه‌شکرد:" له‌کاتێکدا باسى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى ده‌که‌ین چالاکوانانى کورد له‌ ئه‌روپا له‌پێناو نه‌ته‌وه‌که‌یان تێده‌کۆشن چۆن ده‌بێت چالاکوانێک له‌لایه‌ن هێزێکى کوردیه‌وه‌ بڕفێنرێت".

10 ڕۆژ به‌رله‌ئێستا به‌نیازی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕۆژئاوا و سه‌ردانی که‌سوکاره‌که‌ی بێریڤان زین چالاکوانی ژنان و ئه‌ندامی ڕێکخراوی خێرخوازی مانگی سوور و هاوڵاتی ڕۆژئاوا کوردستان له‌ئه‌ڵمانیاوه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام پارتی وێڕای ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی نه‌داوه‌ بپه‌ڕێته‌وه‌ ڕۆژئاوا ڕفاندویانه‌ و تائێستا بێسه‌روشوێنه‌.

(ش ب)