بێریتان جان ئۆزەر: بەقامچی و سۆندە لە گیراوان دەدرێت

15:26

شەهریبان ئاسڵان/ژنها

ئامەد- بێریتان جان ئۆزەر پەیامنێری ئاژانسەکەمان دوای ئەوەی لە کاتی ڕووماڵکردنی هەوالێکدا لە شاری ئامەد بەبیانوی ئەوەی 'دڵ گەرم و بە جۆش بووە' دەستبەسەر کرا و دوی ئەوە لە گرتوخانەی ئامەد دوورخرایەوە بۆ گرتوخانەی باکرکۆی لە شاری ئەستەنبۆل و ماوەی ١٠١ ڕۆژ لە گرتوخانە مایەوە. بێریتان سەبارەت بە دۆخی گرتوخانەکاندا ڕایگەیاند کە ڕۆژبەڕۆژ توندوتیژی بەرامبەر گیراوانی سیاسی زیاتر دەبێت.

"بە سۆندە لە گیراوان دەدرێت"

بێریتان جان ئۆزەر سەرەتا باسی لە دۆخی گیراوان و هەڵسوکەوتی کاربەدەستانی گرتوخانە کرد و وتی: "ڕۆژبەڕۆژ شێوازی ئەشکەنجەکە کردن و فشاری سەر گیراوان زیاتر دەبێت، بۆ نمونە؛ گیراوان دروشمەیەک بڵێنەوە دیداری کەسوکاریان لێ قەدەخە دەکرێت، تا مانگێک ڕێگە نادەن کەسوکاری خۆیان ببین، کاتێک لە نەورۆزدا گیراوان ئاگریان لە هۆڵەکانی گرتووخانە پێخست و ویستیان ئاهەنگێکی بچکۆڵە بۆخۆیان سازکەن، بەڕێوەبەری گرتوخانە و دەیان پاسەوان پەلاماری گیراوانیان داو گازی ئاگرکوژانەوەیان خست ژوورەکەو دەرگایان لەسەر داخستین، پاشان یەکە بەیەکەی گیراوانیان بردە ژوری لێپێچینەوەو ئەشکەنجەیان کردن، تەنانەت لە دایکانانی بەتەمەنیشیان دابوو، جار جاریش بە سۆندە و قامچی پەلاماری گیران دەدرێت."

"شەش مانگە گیراوان دیداری کەسوکاریان لێ قەدەخەکراوە"

بێریتان ئاماژەی بەوە کرد کە دوای ئەوەی ٦ گیراوی گرتوخانەی ئامەد ڕایان کرد، توندوتیژی و فشاری سەر گیراوان زیادی کردوە، ناوبراو جەختیشی کردەوە: "دوای ئەوەی ئەو گیراوانە ڕایان کرد لە بەرەبەیانەوە تا کاتژمێر دووی شەو سەرژمێرمان دەکەن، بەنیوە شەو دەهاتن و پشکنینی ژوور و کەلوپەلەکانمانیان دەکرد، کاتێک نارەزایشمان دەربڕیبوایە، سزای جۆراو جۆریان بەسەر دەسەپاندین."

"لەکاتی مانگرتندا ئێمەیان دوورخستەوە"

بێریتان سەرنجی ڕاکێشایە سەر مانگرتنی گیراوان لە کاتی دوورخستنەوە و گواستنەوەیان بۆ گرتوخانەکانی تورکیا و وتی: "زۆربەی گیراوان مانمانگرتبوو بەرامبەر هەلومەرجی سەختی گرتوخانە، کاتژمێر ٧ ی ئێوارە هاتنە ژوورەوە و پێیان ڕاگەیاندین؛ 'بە شێوەی گروپی پێنج کەسی ناوەکانتان دەخوێنینەوە و رەوانەی گرتووخانەکانی(سنجان، شاکران، باکرکۆی و گاباز) تان دەکەین، نابێت کەسیش دەنگ بکات، ئەگینا سزا دەدرێت بە ژووری تاکەکەسی'."

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: " کاتێک ئێمەیان دورخستەوە بۆ گرتوخانەکانی تورکیا هەندێکمان بریندار، دایک و بەساڵاچووش هەبوون هەروەها زۆربەمان مانمان لە خواردن گرتبوو، من لە گەڵ گروپێکی ١٠ کەسی ماوەی ٢٤کاتژمێر بەڕێگاوە بووین تەنانەت یەک خولەکیش کەلەبچەیان نەکردینەوە، دەستی زۆربەی گیراوان بریندار بوو، دەستی گیراوێکیشمان ڕەش بوو بە هۆی ئاسنی کەلەپچەکەوە."

"٣٠رۆژنامەوان لە گرتوخانەکاندا هەیە"

بێریتان جان ئۆزەر پەیامنێری ئاژانسەکەمان لە کۆتایشدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەوانان لە گرتووخانەکاندا و وتی: "بەهۆی بەرپرسیارێتی هاوپیشەکانم من ئازادکرام، بەڵام نزیکەی ٣٠ لە گرتوخانەکاندان، بۆ ئازادی هاوڕێ کانمان هەرچیەکامان لە دەست بێت دەیکەن، ڕۆژنامەوانی تاوان نیە و پیشەیە، ئەرکە و کارێکی مرۆڤانەیە، نابێت ڕۆژنامەوان بە هۆی ئەرکەکەیان سزا بدرێن و ڕاپێچی گرتوخانەکان بکرێن، ئەوەی لە تورکیا بەرامبەر بە ڕۆژنامەوانان دەکرێت، پێشێلکردنی یاساکانی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەوانیە."

(ش ب)