هێڤی مستەفا: سیستەمی فیدرالی زامنی پێکەوە ژیانی گەلانە
10:52
فیدان ڕێزان/ژنها
عەفرین- هاوسەرۆکی کانتۆنی عەفرین ڕادەگەیەنێت: سیستەمی فیدراڵی دیموکراتی زامنی بونیادنانی کۆڵەکەی پێکەوە ژیانە بەڕەچاوکردنی مافی هەموو نەتەوەکان.
هێڤی مستەفا هاوسەرۆکی کانتۆنی عەفرین سەبارەت بە چۆنێتی بە پراکتیک کردنی سیستەمی فیدرالی دیموکراتی لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ژنها دوا و ڕایگەیاند: " سیستەمی فیدرالی دیموکراتی ڕۆژئاوا-باکوری سوریا، کۆتایی هێنانە بە حوکمڕانی ناوەندی و دەسەڵاتداری سەدان ساڵەی سوریا."
هێڤی مستەفا ئاماژەی بە شەڕی پێنج ساڵەی سوریا کرد و وتی: "شەڕێکی خوێناوی بەرۆکی گەلانی سوریای گرتووە، چەندین گروپ، لایەن لەسەر ئاستی نەتەوەی و نێودەوڵەتی ویستیان چارەسەری ئاڵۆزیەکانی سوریا بکەن بەڵام بە پێچەوانەوە ڕۆژبەڕۆژ شەڕ و ئاڵۆزیەکان ڕوو لە زیادبوون و ناکۆکیەکان قوڵتر دەبنەوە، چونکە هێزە نێودەوڵەتیەکان لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیە سیاسیەکانیان دەجوڵێنەوە، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ پێویستیە بۆ گەلانی سوریا، سیستەمێکی نوێیە کە سەرجەم گەلان بەبێ جیاوازی بگرێتە خۆ، پێموایە سیستەمی فیدراڵی دیموکراتی بۆ ڕۆژئاوا-باکوری سوریا تاکە سیستەمێکە کە بتوانی وەڵامی داخوازی گەلان بداتەوە."
هاوسەرۆکی کانتۆنی عەفرین جەختی کردەوە: "بونیادنانی سیستەمی کانتۆنەکان و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی لە عەفرین، جزیرە و کۆبانێ ئەزمونێکی سەرکەوتووی پێشخستەوە بۆ بە دیموکراتیزە بوونی سوریا، بەتایبەتیش ئەو قۆناغەی دوایی کە بەبەرخۆدانی هاوبەشی گەلان چەندین شوێنیتری وەک شەداد، گرێ سپی و هەرێمی ئەلشەهبا ئازاد کران، ئەمەش هەنگاوی بەپراتیک بوونی سیستەمی فیدرالیە، سیستەمی فیدارلی لەسەر داخوازی پێکهاتەکانی ناوچەکە پێکهات."
ناوبراو وتیشی: "بۆ ئەوەی سیستەمی فیدرالی بەپراکتیک بکەین لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستمان پێکرد، ئێمە بەهەموو شێوەیەک پشتگیری لە دەستوررێک دەکەین کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تیا پارێزراو بێت، بۆیە داواشمان لە هەموو لایەنەکان کردوە بۆ کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزیەکانی سوریا هەنگاو بنێن."
هێڤی مستەفا هاوسەرۆکی کانتۆنی عەفرین، لە کۆتایشدا وتی: "هەرچەند هێزی دژبەریش هەن، بەڵام سیستەمی فیدراڵی دیموکراتی زامنی بونیادنانی کۆڵەکەی پێکەوە ژیانە بەڕەچاوکردنی مافی هەموو نەتەوەکانەوە."
(ش ب)