"نابێت چیتر چاو لەو دڕندەییە بپۆشرێت"

12:00

ژنها

مێردین- پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری جۆلەمێرگ، ڕایگەیاند کە تەرمی شەرڤانانی بەرخۆدانی گەڤەر هێندە شێوێندراون ناناسرێنەوە، ناوبراو ڕایدەگەیەنێت کە تەنها کاردانەوەی کۆمەڵگە دەتوانێت ڕێگری لەو دڕندەییە بکات کە لە گەڤەر و ناوچەکانیتر ئەنجامدەدرێن.

هێرش و کۆمەڵکوژیەکانی سەرهاوڵاتیان لە شاری گەڤەری باکوری کوردستان ماوەی ٢٤ ڕۆژە بەردەوامە، لەبەرامبەر ئەو هێرشانەش بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەریەکان لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی سڤیل(یەپەسە، یەپەسە-ژن) بەبڕیارەوە بەڕێوەدەچێت.

سەلما ئیرماک پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری جۆلەمێرگ، دواین بارودۆخی شاری گەڤەری هەڵسەنگاند، سەلما ڕایگەیاند: "بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتێکی وەک جزیرە بگرین، دەبێت ڕای گشتی لەبەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێست بنوێنێت، تەنها کاردانەوەی کۆمەڵگە و فشارەکانی ڕای گشتی دەتوانن هێرشەکان بوەستێنن."

سەلما ئیراماک ڕایگەیاند: "سەرەتا ئەوەی باسبکرێت ئاستی دڕندەیی ئەو شەڕەیە، ١٠ تەرمیان هێناوەتەوە پزیشکی دادوەری ئەرزەروم، ٦ لەو تەرمانە ئەوەندە شێوێندراون ناناسرێنەوە، رۆژی شەمە ١٢ تەرمی تریان هێنا کە، بەگوێرەی ئەو هەواڵەی دەستمان گەیشتوە هێشتا ١٤تەرمیش لە گەڤەر ڕاگیراون هەرچەند نازانین ئەو هەواڵە تا چەند ڕاستە."

هەروها جەختیشی کردەوە: "وێنەو دیمەنی ئەو تەرمانە بڵاودەکرێتەوە کە لە ناوکۆڵانەکان گیانداران دەیانخۆن، لەسەر ئەوە قسەمان لەگەڵ هاوڵاتیان کرد، وتیان ئەو تەرمە هەڵگیراوە کە وێنەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکرایەوە."

ناوبراو وتیشی: "دەیانەوێت ئەوەی لە جزیر و سور ئەنجامیاندا لە گەڤەر دووبارەی بکەنەوە، بۆیە دەبێت ڕێگری لەو کارەساتە بکەین ڕاستە بەرخۆدانی بێوێنە هەیە، بەڵام سیاسەتی قڕکردن بەرامبەر گەلی کورد بەڕێوەدەچێت، هەرجۆرە چەک و ڕێبازێکی دڕندانە تاقیدەکرێتەوە."

سەلما ئیرماک پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری جۆلەمێرگ، لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوەکرد کە لەو شار و شارۆچکانەی بڕیاری قەدەخەی هاتوچۆ ڕاگەیاندراوە رۆژبەڕۆژ تاوانی گەورەتر ئەنجام دەدرێن و وتی: "ڕای گشتی چاو لەو لەو تاوانانە دەپۆشێت کە لە کوردستان ئەنجامدەدرێن، ماڵ دەسوتێنرێن، هاوڵاتیان بەزۆرملە ناچاری کۆچ پێکردن دەکرێن، بێڕێزی بەرامبەر بەها مرۆییەکان و کەلتوری گەل دەکرێت، تەنانەت لەو شوێنانەی قەدەخەی هاتوچۆش هەڵگیراوە، بەڵام گەمارۆ بەردەوامە."

(ش ب)