تارا حوسێن: لەبەرامبەر فشاری سیاسی بە ڕێبازی نوێ تێدەکۆشین
14:06
ژنها
هەولێر- تارا حوسێن جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند: کە ئەوان لەبەرامبەر فشار و هەڕەشەی سیاسی کۆڵ نادەن و بەڕێبازی نوێ بەردەوام دەبن لە تێکۆشان.
تارا حوسێن جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان و چالاکی بوارەکانی ژنان، وێڕای ئەوەی ڕایگەیاند کە بێریڤان زین ئازادکراوە، لە سەبارەت بەو چالاکیەی کە دوێنێ لە شاری هەولێر بۆ شەرمەزارکردنی دەستگیر کردنەکەی بیریڤان بە نیاز بوون ئەنجامی بدەن و ڕێگریان لێکرا، بۆ ئاژانسەکەمان دواو ڕایگەیاند: "ئەوان لەبەرامبەر فشارە سیاسیەکان کۆڵ نادەن و ڕێبازی نوێی تێکۆشان دەگرنەبەر."
تارا حوسێن، وتی: "ئێمە وەک چالاکوانانی ژن ئەو دەستپێشخەریەمان کردبوو بۆ ئەوەی داوای ئازادی بێریڤان بکەین، بەڵام چالاکوانانی سڤیل بە ژن و پیاوەوە لەو چالاکیەدا بەشدار بوون، بەڵام بە داخەوە رێگریەکی زۆر لە ئێمە کراو، تەواوی ئەو رێگا و دەرگایانەی کە دەچونە شوێنی چالاکیەکەی ئێمە بە پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی هەولێرەوە گیرابوون و هەموو شەقامەکانی ئەو دەوروبەرە میلیتاریزە کرابوون و رێگایان نەدا ئێمە بچینە ئەو جێگایە و لێدوانی خۆمان بەو شێوەی کە ئەمانەوێ پێشکەش بکەین دوای ئەوەش هێزەکانی ئاسایش گەنجێکیتریان دەستبەسەرکرد و دوای چەند کاتژمێر ئازادیان کرد".
تارا حوسێن ئاماژەی بە هەڵوێستی کاربەدەستانی پارتی کرد لە کاتی دانوستاندا و وتی: "کاتێک ویستمان لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشی هەولێر قسەبکەین و هێوریان کەینەوە ئەوان بەو شێوەیە وەڵامیان داینەوە 'لە ژوورەوە ئەمرمان لەسەرە کە هەرچیەک بۆ پشتیوانی پەکەکە و لایەنگرانی پەکەکە بکرێت نابێت ڕێگەی پێبدرێت' ئێمەش ئەمە بەهەڵوێستێکی شیاو نابینین چونکە ئەوەی ئێمە دەمانەویست بیکەین چالاکیەکی هێمنانە بوو بۆ ئازادکردنی ژنە چالاکێک کەخەباتێکی مرۆییانە دەکات."
ناوبراو وتیشی: "بە کاربەدەستانی ئاسایشمان ڕاگەیاند؛ ئەگەر ئەو جۆرە چالاکیانەشمان لێ قەدەخە بکەن، ئەوا ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانی خۆمان، کۆنسوڵەکان دەگرین، ڕێکخراوە نێونەتەوەیی و ڕای جیهانی لێ ئاگادار دەکەینەوە و ڕێبازی جۆراو جۆر بەکاردێنین."
تاراحوسێن جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە کۆتایشدا جەختی کردوە کە ئەوان لەبەرامبەر فشارە سیاسیەکان کۆڵ نادەن و ڕێبازی نوێی تێکۆشان دەگرنەبەر و وتی: "ئێمە هەمیشە وتومانە بێ دەنگ نابین، ئێستاش هەرچەند فشارەکانی پارتی ڕوویان لە زیادبوون کردوە، بەڵام بێدەنگ بوون لەبەرامبەر ئەم هەڵوێست و سیاسەتە مایەی قبوڵکردن نیە."
(ش ب)